رووداو دیجیتاڵ
لە سەرەتای ئەمساڵ تاوەکو کۆتایی مانگی رابردوو، هەزار و 279 کرێکار لە باکووری کوردستان و تورکیا، لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا 44 منداڵ هەن.
ئەنجوومەنی تەندروستیی کرێکاران و ئاسایشی کار (ISIG) لە تورکیا، راپۆرتی مانگی ئابی 2026ـی بڵاوکردەوە. بەپێی راپۆرتەکە، گیانلەدەستدانی کرێکاران بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، 8.8% زیادیکردووە.
"لە هەر چوار کاژێرێکدا کرێکارێک"
ئاشکن گەنج، پەرلەمانتاری پارتی نوێ (Yeni Parti) کە لەکاتی بڵاوکردنەوەی ئامارەکاندا ئامادەبوو، رایگەیاند: "لە ماوەی 212 رۆژی رابردوودا، بە تێکڕا رۆژانە شەش کرێکار یان لە هەر چوار کاژێرێکدا کرێکارێک لەکاتی کاردا گیانی لەدەستداوە."
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرترین رووداوەکانی گیانلەدەستدان لە کەرتەکانی بیناسازی، کشتوکاڵ، گواستنەوە و بەندەرەکاندا تۆمارکراون.
مەترسییەکانی کارکردنی منداڵان
یەکێک لە خاڵە هەرە جێگەی سەرنجەکانی راپۆرتەکە، گیانلەدەستدانی منداڵانی کرێکارە. ئاشکن گەنج رایگەیاند، ئامارە فەرمییەکانی دەوڵەت و ئامارە مەیدانییەکان جیاوازییەکی زۆریان هەیە، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی زۆرینەی منداڵە کرێکارەکان لە دەرەوەی سیستەمی دڵنیایی کاردەکەن.
گەنج گوتی: "لە ساڵی 2025ـدا، دامەزراوەی دڵنیایی کۆمەڵایەتی دەڵێت 22 منداڵ گیانیان لەدەستداوە، بەڵام ئەنجوومەنەکەی ئێمە 94 حاڵەتی تۆمارکردووە. ئەمە دەریدەخات کە دەوڵەت ئاگای لە گیانلەدەستدانی ئەو منداڵانە نییە کە بە نایاسایی کاردەکەن."
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، تەنیا لە حەوت مانگی ئەمساڵدا 44 منداڵ لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی دامەزراوەی ئاماری تورکیا (TÜİK)، تەنیا لەنێوان ساڵانی 2021 بۆ 2025، رێژەی کارکردنی منداڵانی تەمەن 15 بۆ 17 ساڵ 69.6% زیادیکردووە. هەر لەو پێنج ساڵەدا، بەگشتی نۆ هەزار و 293 کرێکار لەکاتی کارکردندا بوونەتە قوربانی.
رێکخراوەکانی مافی کرێکاران و پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن، حکومەت و بەرنامەکانی راهێنانی پیشەیی (MESEM) بە بەرپرسیار دەزانن و رەخنە لە لاوازیی چاودێریی دەوڵەت دەگرن، کە بووەتە هۆی ئەوەی ساڵانە هەزاران کرێکار لە باکووری کوردستان و تورکیا لە شوێنی کارەکانیان گیان بسپێرن.



