رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچەی نالیهانی پارێزگای ئەنقەرە، کانێکی خەڵووز داڕما و لە ئەنجامدا کرێکارێک گیانی لەدەستدا و 19 کرێکاری دیکەش برینداربوون، کە دۆخی تەندروستیی 4یان سەختە.
رووداوەکە ئێوارەی هەینی 21ی ئابی 2026 لە کاتی دەرهێنانی خەڵووز روویدا. بەپێی راگەیێندراوی پارێزگای ئەنقەرە، هۆکاری رووداوەکە داڕمانی بنمیچی کانەکە بووە، کە بەهۆی دروستبوونی پەستانی بەهێزی هەواوە بووە و لە ئەنجامدا کرێکارێک گیانی لەدەستداوە و 19 کرێکاری دیکەش بریندار بوون.
یەعقوب چانبۆلات، پارێزگای ئەنقەرە رایگەیاند، "تیمەکانی فریاگوزاری و 15 ئەمبووڵانس بە خێرایی چوونە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەی پێویست لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەستی پێکرد. بریندارەکان بۆ چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانەکانی دەوروبەر کران."
پاریزگاری ئەنقەرە راشیگەیاند، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستی پێکردووە و لایەنی کەمتەرخەم سزا دەدرێن.
لەم کانەی خەڵووزدا ئەمە یەکەم رووداوی داڕمان نییە. لە نیسانی 2025دا لە داڕمانێکدا 14 کرێکار بوون.
بەپێی ئەنجوومەنی تەندروستیی کرێکاران و ئاسایشی کاری تورکیا، لە 5 ساڵی رابردوودا 362 کرێکار لە رووداوی جیاواز لە کانە خەڵووزەکانی تورکیادا گیانیان لەدەستداوە.




