رووداو دیجیتاڵ
پەروین بوڵدان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، قۆناخێکی نوێی یاسایی بۆ ئاشکراکردنی راستییەکانی پشت تیرۆرکردنی هاوژینەکەی و دوو بازرگانی دیکەی کورد دەستپێدەکات و داوا دەکات بکوژانی راستەقینە سزا بدرێن.
بوڵدان رۆژی دووشەممەی رابردوو 17-8-2026 لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی لەمبارەیەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە رێی پارێزەرەکەیەوە داواکارییەکی فەرمیی ئاراستەی وەزارەتی دادی تورکیا کردووە بۆ ئەوەی دووبارە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی تیرۆرکردنی ساڤاش بوڵدان-ی هاوژینی، عەدنان یڵدرم و حاجی کارای کە بازرگانی بەناوبانگی کورد بوون، دەستپێبکاتەوە.
لە داواکارییە یاساییەکەدا هاتووە، ئامانجی سەرەکییان ئاشکراکردنی پەیوەندییە سیاسی و رێکخراوەییەکانی پشت ئەو کردە تیرۆرستییانەیە. بوڵدان داوای کردووە لایەنی پەیوەندیدار بە وردی لێکۆڵینەوە لە هەموو رەهەندەکانی رووداوەکە بکەن و بکوژانی راستەقینە بدەنە دادگە.
پەروین بوڵدان ئاماژەی بە گرنگیی مێژوویی دۆسیەکە کرد و رایگەیاند: "ئەو دۆسیەیە تەنیا رووداوێکی رابردوو نییە، بەڵکو دەبێت لە چوارچێوەی تیرۆری سیاسیی بێ سزا ببینرێت. وەک پێویستییەکی دەوڵەتی یاسا، دەبێت دووبارە لێکۆڵینەوەی کاریگەری لەبارەوە بکرێت و راستییەکان بۆ رای گشتیی ئاشکرا بکرێن."
چی روویدابوو؟
چیرۆکی ئەم دۆسیەیە بۆ رۆژی 3ـی حوزەیرانی 1994 دەگەڕێتەوە، کاتێک بازرگانی کورد ساڤاش بوڵدان (هاوژینی پەروین بوڵدان) لەگەڵ هەردوو بازرگانی دیکەی کورد عەدنان یڵدرم و حاجی کارای، لە بەردەم هۆتێلێکی ئیستەنبووڵ لەلایەن هەشت کەسەوە رفێندران کە جلی پۆلیسیان پۆشیبوو و بێتەلیان پێبوو.
دوای تێپەڕینی دوو رۆژ، تەرمی هەرسێکیان لە کەناری چەمێک لە ناوچەی یاغڵیچای سەر بە پارێزگای بۆڵو دۆزرانەوە.
شوێنەواری زۆری ئەشکەنجە لەسەر جەستەیان بوو. سەرەڕای تێپەڕینی 32 ساڵ، هەتا ئێستا بکوژانی ئەو دۆسیەیە نەدۆزراونەتەوە.
لە کاتی رووداوەکەدا تانسو چیلەر، سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو. چیلەر لە تشرینی دووەمی 1993دا گوتبووی:"لیستێکمان لەبەردەستە ناوی 60 بازرگانی کوردی تێدایە کە هاوکاریی پەکەکە دەکەن. دەوڵەت بە هەموو شێوەیەک بەرەنگاری ئەوانە دەبێتەوە کە پاڵپشتیی دارایی تیرۆر دەکەن."
دوای ئەو لێدوانە، شەپۆلێکی تیرۆرکردنی بازرگانان و کەسایەتییە ناودارەکانی کورد لە شارە گەورەکانی تورکیا دەستیپێکرد، کە زۆربەیان وەک "تیرۆری بکەر نادیار" لە ناوەندە یاساییەکاندا مانەوە.
ئێستا پەروین بوڵدان دەیەوێت لە رێی وەزارەتی دادەوە، ئەو دۆسیەیە زیندوو بکاتەوە و بیگەیێنێتە ئەنجام.
پەروین بوڵدان لەوکاتەی هاوژینەکەی تیرۆرکرا، کوڕێکیان بەناوی نێچیرڤان
هەبوو کە لەدایکبووی 1991 بوو.
ئەوکاتەی ساڤاس تیرۆرکرا، پەروین بوڵدان دووگیان بوو. ماوەیەکی کورت دوای
تیرۆرکرانی ساڤاش، کچێکیان لەدایک بوو کە ناوی زەلالە.


