رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینیی باران و هەورەبرووسکە بۆ پێنج پارێزگای باکووری کوردستان دەکات و هۆشداریی بە هاونیشتمانیان دەدات.
بەگوێرەی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا، شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ و برووسکە پارێزگاکانی ئەردەخان، قەرس، ئەرزەڕۆم، ئەرزنجان و سێوازی باکووری کوردستان دەگرێتەوە.
پێشبینی دەکرێت شەپۆلەکە لە بەیانیی رۆژی یەکشەممە 16-08-2026ـەوە دەستپێبکات.
بەرپرسان داوا لە هاونیشتمانیان دەکەن ئاگاداری لافاوی لەناکاو، کۆبوونەوەی ئاو، هەورەبرووسکە، داڕمانی زەوی، تەرزە و رەشەبا بن. هەروەها جەخت لە پێویستیی گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست کراوەتەوە لە بەرامبەر هەر ئاستەنگێک کە لە هاتووچۆدا دروست دەبێت.
چاوەڕێ دەکرێت رۆژی یەکشەممە بارانی بەخوڕ و برووسکە جگە لە باکووری کوردستان، ناوچەکانی باکوور، ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی تورکیاش بگرێتەوە و دواتریش شەپۆلەکە فراوانتر بێت.
پێشبینی دەکرێت رۆژی دووشەممە 17ـی ئاب، بارانبارین لە دەریای رەشی تورکیا، باکووری ناوەڕاستی ئەنادۆڵیش بەردەوام بێت.
لە ناوچەکانی باشوور و رۆژاواش کەشوهەوا خۆرەتاو و نیمچەهەور دەبێت.
پێشبینی دەکرێت رۆژانی سێشەممە 18ـی ئاب و چوارشەممە 19ـی ئاب، بارانبارین لە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەدا بەردەوام بێت، لە زۆربەی ناوچەکانی دیکەش کەشوهەوا نیمچەهەور و ئاسمانیش پەڵەهەور بێت. بە جۆرێک لە نیوەی دووەمی هەفتەوە کاریگەریی شەپۆلەکە کەم دەبێتەوە.



