رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بونیاتنانی "تورکیایەکی بێ تیرۆر"، بەڵێنی ئەوان بۆ قۆناخی داهاتوو تەنیا برایەتی و پێکەوەبوونە. دەشڵێت: "سەدەیەک لە جیابوونەوە لەپاش خۆمان جێدەهێڵین و وەک هەرێمێکی بەهێز پێکەوە هەڵدەستینەوە."
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لە کاتی بەشداریکردنی لە "دیداری دیپلۆماسیی بۆسفۆر 26" گوتارێکی پێشکێش کرد و تیشکی خستە سەر پرۆسەی چارەسەری و قۆناخی نوێی سیاسی لە تورکیا.
کۆتاییهێنان بە سەدەیەک لە دابەشبوون
کورتوڵموش ئاماژەی بەوە کرد، دوای رووخانی دەوڵەتی عوسمانی ناوچەکە رووبەڕووی دابەشبوون و پارچەبوون بووەتەوە، بەڵام ئێستا کاتی یەکگرتنەوەیە. گوتیشی: "بە یارمەتیی خودا، سەدەیەک لە جیابوونەوە لەدوای خۆمان جێدەهێڵین. گەلانی ئەم ناوچەیە، بە تورک، کورد، عەرەب، فارس، سوننە و شیعەوە، پێکەوە وەک پارچەی پتەوی ئوممەتێک کۆدەبنەوە."
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا جەختی لەوە کردەوە چیدی جێگەیەک بۆ جیاکاری و پەراوێزخستن نەماوە و گوتی: "ئەگەر لەمەودوا بەڵێنێک لەنێوانماندا هەبێت، ئەو بەڵێنە بەڵێنی برایەتی و پێکەوەبوون دەبێت، نەک تەنیا لەناو سنوورەکانی تورکیا، بەڵکو لە دەرەوەی سنوورەکانیش."
سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری، کورتوڵموش رایگەیاند، ئەو سەردەمەی تێیدا هەزاران کەس بوونە قوربانی و گوند و شارەکان وێران بوون، بۆ هەمیشە کۆتایی دێت و تورک و کورد و هەموو پێکهاتەکان پێکەوە رێگەکەیان تەواو دەکەن.
سیستەمێکی دادپەروەرانەی جیهانی
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، کورتوڵموش باسی لە پێگەی تورکیا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کرد و ئاماژەی بە دروشمە ناسراوەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان کرد و گوتی: "گوتەی 'دنیا لە 5 گەورەترە' ئێستا بووەتە دروشم و دەرفەتێکی نوێ بۆ هەموو گەلە ستەملێکراوەکانی جیهان کە داوای دادپەروەری دەکەن."
ئەم لێدوانانەی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە کاتێکدایە باس و خواسەکان لەبارەی دەسپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا دووبارە گەرمبوونەتەوە.



