رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فیدراسیۆنی هۆزە دێرینەکان، کە نوێنەرایەتیی 102 هۆز لە 25 پارێزگای باکووری کوردستان تورکیادا دەکات، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ پەسندکردنی یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا راگەیاند. ئەم یاسایەی بە هەنگاوێکی مێژوویی، ستراتیژی و بەسوود بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە ناوبرد.
راسیم ئاسلان، سەرۆکی فیدراسیۆنی هۆزە دێرینەکان گوتی: "وەک چەتری جەماوەریی هۆزە دێرینەکان، ئامادەیین هاوکاریی تەواو پێشکەش بەم ئیرادەیەی ئاشتی و سەقامگیرییە بکەین. پێویستە هەنگاوە ئابوورییەکان و رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان هاوشانی ئەم پرۆسەیە جێبەجێ بكرێن."
ئەم پشتیوانییە گرنگییەکی کۆمەڵایەتی بەرچاوی لە باکووری کوردستان و تورکیادا هەیە، چونکە هۆزەکان وەک هێزێکی کۆمەڵایەتیی بنەڕەتی دەبینرێن. پاڵپشتییان بۆ ئەم یاسایە زەوینەی کۆمەڵایەتی بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی ئاشتی و دروستکردنی تەبایی بەهێزتر دەکات.
یاسای بەهێزکردنی هاوپشتیی نیشتمانی و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری، لە 10ی ئابی 2026 لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە بۆ رەخساندنی بنەمای یاسایی پرۆسەی چارەسەری و چەکدانانی هێزە چەکدارەکان بە زۆرینەی دەنگ پەسەندکرا.
فیدراسیۆنی هۆزە دێرینەکان کە بارەگاکەی لە پارێزگای وانە لە باکووری کوردستان، لە ساڵی 2016 دامەزراوە و پێکهاتەیەکە لە کەسایەتی و ریشسپییەکانی هۆزە جیاوازەکانی باکووری کوردستان و شارەکانی دیکەی تورکیا پێکهاتووە و رۆڵێکی بەرچاو لە دیالۆگی کۆمەڵایەتیدا دەگێڕێت.


