رووداو دیجیتاڵ
مستەفا کاراسو، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایدەگەیێنێت، ئاگربەستی ئێستا تەنیا "ئاشتییەکی نەرێنییە" و بۆ گەیشتن بە "ئاشتیی ئەرێنی" و چارەسەریی بنەڕەتیی پرسی کورد، پێویستە دەوڵەتی تورکیا هەنگاوی یاسایی و دەستووری بنێت و عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش ئازاد بکرێت.
مستەفا کاراسو لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی "میدیا هابەر"، تیشکی خستە سەر پرۆسەی چارەسەری و پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، گوتی: "دەوڵەت باخچەلی، حکومەت و هەموو لایەک دەزانن چارەسەریی پرسی کورد تەنیا لە رێگەی ئۆجەلانەوە دەبێت. راگرتنی پێکدادانەکان ئاشتییەکی نەرێنییە؛ ئاشتیی ئەرێنی بریتییە لە چارەسەرکردنی تەواوەتیی کێشەکە و گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی و دەستووری بۆ ئەوەی کارەساتەکان دووبارە نەبنەوە. لەم قۆناخەشدا پێویستە رێبەر ئاپۆ ئازاد بکرێت."
"هێزەکانمان کێشایەوە، بەڵام دەوڵەت هەنگاوی نەنا"
ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە ئاماژەی بەوە کرد، پرۆسەکە دوو ساڵی تێپەڕاندووە، بەڵام هیچ هەنگاوێکی کرداریی جیدی لەلایەن دەوڵەتەوە نەبینراوە: "ئێمە هەنگاوی گرنگمان نا و هێزە چەکدارەکانمان لە باکووری کوردستان و تورکیا کشاندەوە، بەڵام چاوەڕێ بووین دەوڵەتیش هەنگاو بنێت کەچی رووینەدا."
سەبارەت بە گەڕانەوەی گەریلاکانیش گوتی: "دەڵێن با چەک دانێن و بێنەوە؛ باشە بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی ئێستا چۆن بگەڕێینەوە؟ بەبێ هەنگاونان بۆ دیموکراسی، چارەسەری ئەستەمە. ئێمە کۆتاییمان بە خەباتی چەکداری هێناوە، پێویستە هەلومەرجی رێکخستنی ئازادانە و سیاسەتی دیموکراتیانە بێتە ئاراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەنگاوی جیدی نەنراون."
"داواکاریی دایکانی ئاشتی داواکاریی هەموو گەلی کوردە"
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کاراسو ئاماژەی بە مانگرتنی دایکانی ئاشتی لە ئەنقەرە کرد و ئەوانی بە "ویژدان و ئیرادەی گەلی کورد" وەسف کرد، هاوکات گوتیشی: "ئەگەر دایکانی ئاشتی داوای ئازادیی رێبەر ئاپۆ دەکەن، ئەمە داواکاریی تەواوی کۆمەڵگەی کوردە و هۆشدارییەکە بۆ دەسەڵات؛ گوێنەگرتن لێیان، واتە گوێنەگرتن لە گەلی کورد."
لەبارەی زیندانیانی سیاسیی کوردیشەوە، کاراسو رەخنەی تووندی لە سیاسەتی ئەنقەرە گرت لە بەرامبەر ئازادنەکردنی ئەو کەسانەی سزاکانیان تەواو بووە و گوتی: "ئەم رەفتارە دەیسەلمێنێت کاتێک باس دێتە سەر کورد یاسا نامێنێت، بەڵکو ئیرادەی سیاسیی دەسەڵات کاری پێدەکرێت. ئەگەر ئاکپارتی بەردەوام بێت لەسەر ئەم سیاسەتە، هیچ کەس باوەڕ بە گوتەکانی ناکات لەسەر پرسی کورد."



