رووداو دیجیتاڵ ئۆزگور چەلیک، سەرۆکی لقی ئیستەنبووڵی پارتی نوێ (یەنی پارتی) لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بە بڕیاری دەم پارتی بۆ گەڕانەوەی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی بۆ نێو فراکسیۆنی خۆیان، رایگەیاند، هیچ کێشەیەک لە هاوپەیمانیی ئیستەنبووڵدا نییە و کارە هاوبەشەکانیان لە شارەوانی بەردەوام دەبن. ئەم لێدوانەی چەلیک دوای ئەوە هات کە دەستەی بەڕێوەبردنی خۆجێیی دیموکراتی لە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئەمڕۆ دووشەممە، 2ی تشرینی دووەمی 2026 لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، سەرجەم ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی شارەوانی کە لە هەڵبژاردنی 31ی ئاداری 2024دا لە چوارچێوەی ستراتیژیی "سازانی شار" لەسەر لیستی جەهەپە هەڵبژێردرابوون، بە ویستی هاوبەشی خۆیان دەگەڕێنەوە و لەژێر چەتری فەرمیی دەم پارتیدا کار دەکەن. ئۆزگور چەلیک دوای وەرگرتنی رێپێدانی فەرمیی دەستبەکاربوونی، گوتی: "لە ئیستەنبووڵ ئێمە ستراتیژییەکمان هەبوو؛ پەلامارە سیاسییەکان کە لە ئەسەنیورتەوە دەستیانپێکرد، دواتر ئاراستەی سەرجەم ئۆپۆزیسیۆن کران کە چەقی هەموویان ئیستەنبووڵ بوو. ئێستا شارەوانییەکان لەژێر گوشارێکی قورسی دادوەری و داراییدان، بۆیە باشترە دەرگەی مشتومڕ لەسەر پرۆسەی پەیوەندیکردن بە پارتەکان نەکەینەوە، با ئەوان لەو بوارانەی لێی هەڵبژێردراون درێژە بە ئەرکەکانیان بدەن." سەبارەت بە هەنگاوەکەی دەم پارتیش، چەلیک روونیکردەوە: "ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەن کە لە سەر دەم پارتی بوون، هەر لە سەرەتاوە مەرجیان هەبوو و دەیانگوت ئەگەر پەیوەندی بە پارتی نوێوە بکەن، دەتوانن فراکسیۆنی سەربەخۆی خۆیان دروستبکەن، بۆیە هەڵوێستی ئەوان جێگەی سەرسوڕمان نییە." چەلیک ئاماژەی بەوەش کرد، رەنگە هەنگاوێک لەلایەن فراکسیۆنی دەم پارتی نرا بێت، بەڵام هیچ کێشەیەک لە هاوپەیمانیی ئیستەنبووڵدا نییە. سەرۆکی لقی ئیستەنبووڵی پارتی نوێ دڵنیایی دا کە ئەم گۆڕانکارییە ناوخۆییەی دەم پارتی زیان بە کارەکانیان لە شارەوانیدا ناگەیێنێت و گوتی: "رەنگە ئێمە و ئەندامانی ئەنجوومەنی دەم پارتی لەژێر چەتری دوو حیزبی جیاوازدا کار بکەین، بەڵام لە هاوپەیمانیی ئیستەنبووڵ یان بە دەستەواژەی ئەوان 'سازانی شار'دا، هیچ کێشەیەک نییە. لە گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ لە هەر بابەتێکدا کە لە بەرژەوەندیی خەڵکدا بێت، پێکەوە هەنگاو دەنێین و گیانی هاوپەیمانییەکەی ساڵی 2024 بەردەوام دەبێت." هەڵوێستی دەم پارتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێ، ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان کە لە هەڵبژاردنی 31ی ئاداری 2024دا لە چوارچێوەی ستراتیژیی (سازانی شار) و لەسەر لیستەکانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) هەڵبژێردرابوون، لەمەودوا بە فەرمی لەژێر چەتری دەم پارتیدا درێژە بە کارەکانیان دەدەن. دەم پارتی دەڵێ، بڕیارەکە بە "ویستی هاوبەشی" ئەندامان دراوە. دەستەی بەڕێوەبردنی خۆجێیی دیموکراسی لە دەم پارتی، ئەمڕۆ دووشەممە 2ی تشرینی دووەمی 2026، لە راگەیێندراوێکدا کۆتاییهاتنی ئەو هاوپەیمانییەی راگەیاند. سازانی شار ستراتیژیی "سازانی شار" رێککەوتنێکی نەنووسراوی هەڵبژاردن بوو لەنێوان دەم پارتی و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن (بەتایبەت جەهەپە) لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانیی 2024، کە تێیدا دەم پارتی لە بەشێک لە گەورەشارەکانی وەک ئیستەنبووڵ و مێرسین بەربژێری دانەنا و پشتگیریی لە ئۆپۆزیسیۆن کرد بەرامبەر بە دەسەڵات، لە بەرامبەریشدا کاندیدەکانی دەم پارتی لەسەر لیستی هاوبەش چوونە نێو ئەنجوومەنی شارەوانییەکانەوە.