رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەم پارتی رایگەیاند، پارتەکەیان بریاری داوە لە 6ی ئەیلولی ئەم ساڵدا پێنجەمین کۆنگرەی خۆی بکات، لەکاتێکدا پێشتر وا بڕیاربوو لە 20ی ئەیلوول کۆنگرەکە بکرێت.
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبیژی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بارەگای سەرەکیی پارتەکەی لە ئەنقەرە رایگەیاند کە یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری لە رووی ئەوەی یەکەم هەنگاوی بەرجەستەیە، "گرنگە."
دۆغان بە ئاماژەدان بەوەی کە لە پرسێکی سەد ساڵەدا بۆ یەکەم جار هەنگاوێکی یاسایی دەنرێت، گوتی: "ئەمە پرۆسەیەک نییە کە کڕین و فرۆشتن یان ئەجێندای شاراوەی تێدابێت، بەڵکو پرۆسەیەکە پەیوەندی بە داهاتووی 86 ملیۆن کەسەوە هەیە و رێگەمان پێدەدات سەد ساڵی داهاتوو بەیەکەوە بونیادبنێین."
دۆغان لەبارەی ئەو هەوڵانەی کە لە دژی پرۆسەکە و ئاشتی لە ئارادان گوتی: "لێرە رێکخراوێک هەیە کە خۆی هەڵوەشاندووەتەوە و دەستبەرداربوونی خۆی لە خەباتی چەکداری راگەیاندووە. ئێستا چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ ئەم رێکخراوە هەڵوەشێنراوە دروست دەکرێت. چوارچێوەیەک رێکارە یاساییەکانی رێکدەخات. پێویستە لە روانگەی سەرکەوتن و دۆڕان، پارچەکردن و پارچەبوون، نکۆڵی و قڕکردن، یاخیبوون؛ وازبهێنین. قۆناخی نوێ پێویستی بە وشە و دەستەواژەی نوێیە."
لەبارەی نێوەڕۆکی یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری، دۆغان ئاماژەی بەوەدا کە یاساکە بەتەواوی لە ئاست چاوەڕوانییەکانی ئەوانیش نییە و هۆشداریشی دا لە درێژکردنەوەی کاتی پرۆسەکە و گوتی: "کاتمان نییە بۆ لەدەستدان، ئەگەری هەیە مەترسییەکان زیاد ببن. بۆ ئەوەی پرۆسەکە 'تووشی ڤایرۆس و بەربەست' نەبێت، پێویستە هەموو ئەوانەی پێویستن لە کاتی خۆیاندا بە زووترین کات ئەنجام بدرێن و جێبەجێ بکرێن".
سەبارەت بە کۆنگرەی داهاتووی دەم پارتی کە بڕیاربوو لە 20ی ئەیلوول بەڕێوەبچێت، گوتەبێژی دەم پارتی، لە وەڵامی شەوکەت هەرکی، پەیامنێری رووداو گوتی: "وەک دەستپێکی قۆناخی دووبارە رێکخستنەوەی پارتەکەمان، بڕیارمان دا کۆنگرەکەمان لەگەڵ نوێنەرانماندا لە 6ی ئەیلوول بکەین."
دۆغان سەبارەت بە پرسی ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش گوتی: "نە بۆ دەمیرتاش، نە بۆ فیگەن یوکسەکداغ و نە بۆ زیندانیانی دیکە کە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا و دادگای دەستوورییان لەسەرە، پێویست بە رێکخستنی نوێی یاسایی ناکات. نابێت تەنانەت بۆ یەک چرکەش لە ژوورەوە بهێڵدرێنەوە."

