رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا، لە ئەنقەرە پێشوازی لە سەرۆک، دەستەی هونەری و یاریزانانی یانەکانی ئامەدسپۆر، ئەرزەڕۆم سپۆر و چۆروم سپۆر کرد کە بۆ سوپەرلیگ سەرکەوتوون.
ناوەندی راگەیاندنی یانەی ئامەدسپۆر بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، "لەسەر بانگهێشتی بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمار، دیدارێک لە کۆشکی سەرۆکایەتی بە بەشداریی سەرۆک، راهێنەری هونەری و یاریزانانی ئەو یانانەی بۆ سووپەرلیگ سەرکەوتوون، بەڕێوەچوو."
وەک لە راگەیێندراوەکەی یانەی ئامەدسپۆر هاتووە؛ لە دیدارەکەدا، ناهید ئەرەن، سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر و شەنگول ساروهانلی، جێگری سەرۆکی یانەکە، درێسی ژمارە 21ـی ئامەدسپۆریان وەک دیاری پێشکێشی ئەردۆغان کرد.
یانەی ئامەدسپۆر نووسیویەتی: "لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی یانەکەمان جەختیان لە رۆڵی وەرزش لە بەهێزکردنی هەستی یەکگرتن، پاڵپشتی و ئاشتی کردەوە و هیوایان خواست وەرزی نوێ بۆ هەموو یانەکان وەرزێکی سەرکەوتوو، بە گیانی وەرزشییانە و یاریی خاوێن بەڕێوەبچێت."
لە دوایین یاریی خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیادا، رۆژی 2ـی ئایاری 2026، یانەی ئامەدسپۆر لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا رووبەڕووی ئیدرسپۆر بووەوە و هەردوو یانە بە ئەنجامی 3 گۆڵ یەکسان بوون. بەمەش کۆی خاڵەکانی گەیاندە 74 خاڵ و گەیشتە خولی نایابی تورکیا.
یانەی ئامەد سپۆر لە ساڵی 1972 دامەزراوە. لە وەرزی 2023-2024دا بووە پاڵەوانی خولی دووەمی یانەکانی تۆپی پێی تورکیا و گەیشتە خولی پلە یەک. لە وەرزی 2025-2026 گەیشتە خولی نایابی تورکیا (سوپەر لیگ). دووجار بووە پاڵەوانی خولی سێیەم و سێ جار بووە پاڵەوانی خولی دووەمی یانەکانی تۆپی پێی تورکیا. رەنگی درێسی فەرمیی یانەکە سپی و سوور و سەوزە.


