رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستبەسەرکراوی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، دوای 17 ساڵ ئەندامێتی لە جەهەپە، دەستلەکارکێشانەوەی لەو حیزبە راگەیاند.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو رایگەیاند، ئەم بڕیارەی لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی لەبەرامبەر بەهاکانی وڵات داوە و گوتی: "ئەمڕۆ بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی بەهێزتر و دیموکراتیکتر رێگەیەکی نوێ دەکەینەوە."
ئیمامئۆغڵو سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکات، کە تاوەکو ئەمڕۆ پێکەوە بوون و گوتی: "داواتان لێدەکەم ببنە بەشێک لەم رێپێوانە، پێکەوە ئومێد گەورەترمان هەبێت و داهاتوو بنووسینەوە."
ئیمامئۆغڵو، یەکێکە لە دیارترین سەرکردەکانی نێو جەهەپە و بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا.
لەدوای دۆڕاندنی کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە ئایاری 2023، ئیمامئۆغلو و ئۆزگور ئۆزەل دوو ناوی دیاری نێو جەهەپە بوون بەرەیەکی نوێخوازیان لەنێو ئەو پارتە راگەیاند.
ئەم دەستلەکارکێشانەوەی ئیمامئۆغڵو لەکاتێکدایە بەهۆی ململانێ نێوخۆییەکانی جەهەپە، لە مانگی تەممووزی 2026، ئوزگور ئۆزەل و 90 پەرلەمانتاری دیکەی نێو جەهەپە بڕیاری دەست لەکارکێشانەوەیان لەو پارتە دا و پارتێکی دیکەیان بە ناوێ "پارتی نوێ" دامەزراند.
چاوەڕێ دەکرێت، ئیمامئۆغڵو دوای دەستلەکارکێشانەوەی لە جەهەپە، بچێتە ریزەکانی پارتی نوێ.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە ساڵی 2019دا وەک سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ لەسەر لیستی جەهەپە هەڵبژێردرا و بووە یەکێک لە بەهێزترین کەسایەتییە ئۆپۆزیسیۆنەکانی وڵات لە بەرامبەر پارتی دەسەڵاتدار.
لەم دواییانەدا لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە و دۆسیەی دادوەریدا دەستبەسەرکرا، بەڵام بەردەوامە لە ئاراستەکردنی پەیامە سیاسییەکانی بۆ رای گشتیی تورکیا.



