رووداو دیجیتاڵ وەزیری دارایی و گەنجینەی تورکیا، لە کاتی بەشداریکردنی لە کردنەوەی پارکی ئیلوح لە شاری ئێلیهـ لە باکووری کوردستان، بە زمانی کوردی وەڵامی داواکاریی هاونیشتمانییەکی دایەوە. لە وەڵامی داواکاریی ژنێک بۆ دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجان، محەممەد شیمشەک، وەزیری دارایی و گەنجینەی تورکیا بە کوردی پێی راگەیاند کە کۆمپانیای زۆر لە ناوچەکەدا هەن و ئەگەر گەنجان ویستی کارکردنیان هەبێت، هەلی کار بەردەستە و لەگەڵ دامەزراندنی کارگەی نوێ، هەلی زیاتریش دەڕەخسێت. ڤیدیۆی گفتوگۆ کوردییەکەی شیمشەک لەگەڵ هاووڵاتییەکەدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەیەکی فراوانی هەبوو. محەممەد شیمشەک، کە بە رەچەڵەک کوردی شاری ئێلیهـە لە باکووری کوردستان، یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی بواری ئابووریی تورکیا. سەردانەکانی بۆ پارێزگاکانی باکووری کوردستان لە چوارچێوەی بەسەرکردنەوەی پڕۆژە ئابووری و خزمەتگوزارییەکاندا ئەنجام دەدرێن و ئاخافتنی بە زمانی کوردی لە نێو خەڵکدا ئاماژەیەکە بۆ پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و رەنگدانەوەی فەرهەنگی ناوچەکە.