رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی (ئیی پارتی)ی تورکیا دەڵێ، ژمارەی کورد لە تورکیا 25 ملیۆن کەسە و رەخنەی لەوە گرت، تەنیا (دەم پارتی) وەک نوێنەری ئەوان دەردەکەوێ.
ردڤان ئوز، پەرلەمانتاری (ئیی پارتی) لە بازنەی چاناکالە، کە پارتەکەی لە سەرەتاوە دژی پرۆسەی چارەسەرییە، لە گوتەیەکدا لە پەرلەمانی تورکیا گوتی: "ئایا دەم پارتی نوێنەری کوردە؟ 25 ملیۆن کورد هەن. دەم پارتی تەنیا 4 ملیۆن دەنگی هێناوە، کەچی لێرە بەناوی کوردەوە قسەمان بۆ دەکات. ئایا ئەمە قبووڵکراوە؟"
ئەم گوتانەی ردڤان ئوز لە کۆنووسی فەرمیی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی تورکیادا تۆمارکران.

لە بەرامبەردا مەراڵ دانیش بێشتاش، پەرلەمانتاری (دەم پارتی) وەڵامی ئوزی دایەوە و گوتی: "بە بڕوای من، ناوی کورد مەهێنە."
دواتر پەرلەمانتارانی دیکەی (ئیی پارتی) وەڵامی بێشتاشیان دایەوە. یاوز ئایدن، پەرلەمانتاری (ئیی پارتی) لە بازنەی ترابزۆن گوتی: "بۆچی؟ تۆ نوێنەری ئەوانی؟" هەروەها توران یالدر، پەرلەمانتاری (ئیی پارتی) لە بازنەی ئاکسارای گوتی: "بۆ ناوی کـورد نەهێنێت؟ تۆ خاوەنی کوردیت؟"
دانیش بێشتاش رەخنەی لە سیاسەتی (ئیی پارتی) گرت و گوتی: "ئێوە رێگە خۆش دەکەن بۆ گیانلەدەستدانی زیاتری هاووڵاتییان."
ئەم مشتومڕە لە لیژنەی دادی پەرلەمانی تورکیادا روویدا.


