رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکی (پارتی نوێ)ی تورکیا رایگەیاند، جیابوونەوەیەکی گەورە لە ریزەکانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا 232 سەرۆک شارەوانی کە لە لیستی ئەو پارتە هەڵبژێردرابوون، ریزەکانی جەهەپەیان جێهێشتووە و چوونەتە نێو پارتەکەیەوە.
هەینی، 7ـی ئابی 2026، یاشار توزون، یاریدەدەری سەرۆکی (پارتی نوێ) و پەرلەمانتاری بازنەی بیلەجیک، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە پەرلەمانی تورکیا ئامارێکی لەبارەی گۆڕانکارییەکانی شارەوانییەکان بڵاویکردەوە.
توزون رایگەیاند، "تاوەکو ئەمڕۆ 232 سەرۆک شارەوانی لە جەهەپە دەستیانکێشاوەتەوە و زۆربەی هەرە زۆریان پرۆسەی ئەندامبوونیان لە پارتی نوێ تەواوکردووە،" ئاماژەی بەوەشکرد پێشبینیدەکەن تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە، ژمارەی ئەو سەرۆک شارەوانییانەی دەچنە نێو پارتەکەیان لە 300 کەس تێپەڕێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی یاشار توزون خستیەڕوو، دابەشبوونی ئەو سەرۆک شارەوانییانەی چوونەتە نێو (پارتی نوێ) بەم شێوەیەیە:
109 سەرۆک شارەوانیی قەزاکانی سەر بە گەورەشارەوانییەکان
54 سەرۆک شارەوانیی قەزاکانی سەر بە پارێزگاکان
50 سەرۆک شارەوانیی ناحیەکان
یاشار توزون گوتی، تەنیا سەرۆک شارەوانییەکانی دوو پارێزگا لە جەهەپە ماون. لە کۆی 19 سەرۆک شارەوانیی ناوەندی پارێزگاکان کە لەسەر لیستی جەهەپە بوون، 17یان داواکارییان بۆ چوونە نێو (پارتی نوێ) پێشکێشکردووە.
گوتیشی، "عەبدولڕەحمان توتدەرە، سەرۆک شارەوانیی ئادیامان (سەمسووری باکووری کوردستان) بڕیاریداوە لە جەهەپە بمێنێتەوە. ئێمە رێز لە بڕیارەکەی دەگرین، هەروەها سەرۆک شارەوانیی بارتن هەفتەی داهاتوو بڕیاری کۆتایی خۆی دەدات."
ئەو بەرپرسەی (پارتی نوێ) باسی لەوەشکرد کە لە زۆربەی پارێزگاکانی تورکیا، لە ئافیۆن کاراهیسارەوە تاوەکو یۆزگات، هیچ سەرۆک شارەوانییەکی جەهەپە نەماوە.
سەبارەت بە گەورەشارەوانییەکانی وەک ئەنقەرە، یاشار توزون رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ پەیوەندی و گفتوگۆیەکیان لەگەڵ مەنسوور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لەکارلادراوی ئیستەنبووڵ نەکردووە.
ئەم پێشهاتە سیاسییە نوێیە لەکاتێکدایە، نەخشەی سیاسیی ناوخۆیی تورکیا دوای هەڵبژاردنە شارەوانییەکان بەرەو گۆڕانکاریی گەورە هەنگاودەنێت و (پارتی نوێ) دەیەوێت پێگەی خۆی لە ناوخۆی وڵاتدا بەهێزبکات.
جەهەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، کە 31ـی ئاداری 2024 بەڕێوەچوو، 433 شارەوانیی بردەوە. لەمانە 14 گەورەشارەوانی، 21 شارەوانیی ناوەندی پارێزگاکان، 337 شارەوانیی قەزاکان و 61 شارەوانیی ناحیەکان.
21ـی ئایاری 2026، دادگایەکی ئەنقەرە بڕیاری "پووچەڵکردنەوەی رەها"ـی بۆ 38ـەمین کۆنگرەی جەهەپە دەرکرد کە تێیدا ئۆزگور ئۆزەل بووە سەرۆک. بەو بڕیارە، ئۆزەل و تیمەکەی رەوایەتییان لەدەستدا و کەمال کڵچدارئۆغڵو و ستافە کۆنەکەی گەڕانەوە سەر دەسەڵات، ئەوەش جەهەپەی تووشی گەورەترین قەیرانی یاسایی و سیاسیی مێژووی خۆیکرد.
24ـی تەممووزی 2026، ئۆزگور ئۆزەل و 91 پەرلەمانتار و زیاتر لە 100 سەرۆک شارەوانی دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان لە جەهەپە راگەیاند و پارتێکی نوێیان بەناوی (پارتی نوێ) دامەزراند. بەدامەزراندنی، ئەم پارتە بووە دووەم گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی و هێزی ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکیی تورکیا.
هەروەها لە ماڵپەڕی فەرمیی پەرلەماندا، نەخشەی نوێی دابەشبوونی 592 کورسییەکەی پەرلەمانی بەم ریزبەندییە بڵاوکرایەوە:
-ئاکپارتی: 277 کورسی
-پارتی نوێ: 91 کورسی
-دەم پارتی: 56 کورسی
-مەهەپە: 46 کورسی
-جەهەپە: 44 کورسی
-ئیی پارتی: 29 کورسی
-رێگای نوێ: 20 کورسی
-پەرلەمانتارانی سەربەخۆ: 11 کورسی
هەریەک لە هووداپار و پارتی سەرلەنوێ رەفاه 4 کورسی، پارتی کرێکارانی تورکیا 3 کورسی، پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) و پارتی رەنج هەریەکەیان 2 کورسی، پارتەکانی سەعادەت، چەپی دیموکرات و پارتی دیموکرات هەریەکەیان 1 کورسییان هەیە.
پێشتر پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە 135 کورسی گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆن و دووەم گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بوو لەدوای ئاکپارتی. لەگەڵ دروستبوونی ناکۆکییە ناوخۆییەکان و جیابوونەوەی باڵی ئۆزگور ئۆزەل، پێگەی جەهەپە وەک حیزبی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن درایە پارتی نوێ.



