رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بۆ کاروباری یاسایی و هەڵبژاردن، لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە "پڕۆژەیاسای بەهێزکردنی پێکەوەژیانی نیشتمانی و تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی" رایگەیاند، رێکارە یاساییەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەیاساکە لە کۆمەڵێک میکانیزم پێکدێن کە ئامانجیان جێگیرکردنی ئاشتی، مافی قوربانییان و سازانی سیاسییە دوای ململانێیەکی چەکداریی درێژخایەن.
فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە رایگەیاند، پڕۆسەی چارەسەری بە عەقڵ و ویژدانی گەل بەڕێوەدەچێت.
یڵدز ئاماژەی بەوەدا کە ئەم رێکارانە لەڕێگەی دانپێدانانی تاوان، قەرەبووکردنەوەی قوربانییان و ئازادکردنی سنووردارکراو، پشتیوانی لە سازانی دامەزراوەیی دەکەن تاوەکو بەرپرسیارێتیی تاوانەکان هەڵبگیرێت و برینەکانی کۆمەڵگە ساڕێژببن.
یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە دوو نموونەی جیهانیی بۆ پشتڕاستکردنەوەی گوتەکانی هێناوەتەوە، لەوانەش چارەسەرکردنی ململانێی چەکداریی نێوان بەریتانیا و سوپای کۆماری ئیرلەندی (IRA) لە چوارچێوەی "رێککەوتننامەی هەینیی باش" لە ساڵی 1998، کە دوای چەکدانانی رێکخراوی IRA، نزیکەی 400 زیندانیی سیاسی لە چوارچێوەی یاسای رێککەوتننامەکەدا زوو ئازادکران.
هەروەها یڵدز ئاماژەی بە کۆتاییپێهێنانی ململانێی نێوان کۆڵۆمبیا و هێزە چەکدارەکانی شۆڕشگێڕی کۆلۆمبیا (FARC) لە رێککەوتننامەی ئاشتیی 2016دا کردووە کە زۆربەی ئەندامانی چەکداری FARC چەکیان دانا، بۆ ئەو کەسانەی دانیان بە تاوانەکانیاندا نا، لەبری زیندانیکردن، 5 بۆ 8 ساڵ ئازادیی بەمەرج جێبەجێکرا.
پێشکێشکردنی "پڕۆژەیاسای بەهێزکردنی پێکەوەژیانی نیشتمانی و تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی" کە تایبەتە بە پڕۆسەی چارەسەری، هەنگاوێکی کردەییە بۆ دیاریکردنی بنەما یاساییەکانی قۆناخی دوای هەڵوەشاندنەوەی چەکداری لە تورکیا.
ئاماژەدان بە ئەزموونە نێودەوڵەتییەکان، وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ روونکردنەوەی شەرعیەتی یاسایی و سیاسیی پڕۆژەیاساکە بۆ رای گشتی.



