رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) و چەند پەرلەمانتارێکی دیکەی ئەو پارتە، پرۆژەیاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەرییان واژۆ کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 4ی ئابی 2026 دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە واژۆی لەسەر پرۆژەیاسای "بەهێزکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی" کرد.
ئەم پڕۆژەیاسایە وەک چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ پشتیوانیکردن لە پرۆسەی چارەسەری ئامادە کراوە.
دوای واژۆکردنەکە ئەرکان ئاکچای، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی مەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا سەردانی فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) کرد و کۆپیی واژۆکراوی پرۆژەیاساکەی رادەستی ئاکپارتی کرد.
جگە لە باخچەلی، چەندین پەرلەمانتاری دیکەی مەهەپە واژۆیان لەسەر پرۆژەیاساکە کردووە.
چاوەڕوان دەکرێت هەر ئەمڕۆ سەرجەم پەرلەمانتارانی مەهەپە و ئاکپارتی واژۆ لەسەر پرۆژەیاساکە بکەن، پێش ئەوەی بە فەرمی رادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا بکرێت.
رۆژی دووشەممە، 3ی ئابی 2026 فراکسیۆنی ئاکپارتی بۆ تاوتوێکردنی وردەکاری ناوەرۆکی پرۆژە یاساکە سەردانی مەهەپە و دەم پارتی و هودا پاری کرد.
پێش ئەوەی پرۆژە یاساکە بگاتە پەرلەمان، ئاکپارتی پارتە سیاسییەکانی نێو پەرلەمان لە وردەکاری ناوەێۆکی پرۆژە یاساکە ئاگادا دەکاتەوە. ئەمەش وەکو هەوڵێک بۆ سازان و کۆدەنگی بۆ پاڵپشتیکردن لە پرۆژە یاساکە دەبیندرێت.
پرۆژەیاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری دوای ئەوەی رەوانەی پەرلەمان کرا، دەخرێتە کارنامەی پەرلەمان بۆ گفتوگۆ و دواتر پەسندکردنی.




