رووداو دیجیتاڵ لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەریی، رەشنووسی "پڕۆژەیاسای چوارچێوە" تایبەت بە پرۆسەی چارەسەریی پێش ئەوەی پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت، خرایە بەردەم پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی ئاکپارتی بۆ ئەوەی واژۆی لەسەر بکەن. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، عەبدوڵڵا گولەر، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمانی تورکیا، ئاگادارییەکی ئاراستەی سەرجەم پەرلەمانتارانی پارتەکەی کردووە و تێیدا هاتووە: "بڕیاردراوە سەرجەم پەرلەمانتارانمان بەبێ جیاوازی واژۆ لەسەر رەشنووسی پرۆژەیاسای چوارچێوە بکەن." لە ئاگادارییەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە رەشنووسی پڕۆژەیاساکە لە هۆڵی دەستەی بەڕێوەبەری فراکسیۆنەکان لە پەرلەمان دانراوە و داوا لە پەرلەمانتاران کراوە تاوەکو سبەی سێشەممە 4ـی ئاب کاژێر 17:00 پڕۆسەی واژۆکردنەکە تەواو بکەن. چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆکردنەوەی واژۆکان، رەشنووسەکە بە فەرمی پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت و دواتر رەوانەی لیژنە پەیوەندیدارەکان بکرێت بۆ تاوتوێکردن. هەرچەندە پڕۆسەی واژۆکردنەکە دەستیپێکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد و فەرمی دەربارەی ناوەڕۆکی پڕۆژەیاساکە بڵاونەکراوەتەوە. پشووی پەرلەمان دواخرا هەموو ساڵێک پەرلەمانی تورکیا لە 1ـی تەممووز دەچێتە پشووی هاوینەوە. ئەمساڵ لە 16ـی حوزەیراندا بە بڕیاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ماوەی کارکردنی پەرلەمان تاوەکو 22ـی تەممووز درێژکرایەوە. لە 21ـی تەممووز لەسەر پێشنیازی فراکسیۆنی ئاکپارتی ماوەی کارکردنی پەرلەمان تاوەکو 30ـی تەممووز درێژکرایەوە. رۆژی چوارشەممە، 29ـی تەممووز جارێکی دیکە لەسەر داوای فراکسیۆنی ئاکپارتی بۆ جاری سێیەم ماوەی کارکردنی پەرلەمان درێژکرایەوە و پەرلەمان تاوەکو 6ـی ئاب لە دانیشتنەکانی بەردەوام دەبێت. پرۆسەی چارەسەری رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2024 بە بانگەوازێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەستیپێکرد. دواتر 27ـی شوباتی 2025، ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. هەروەها رۆژی 11ـی تەممووزی 2025 گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی سیمبوولی چەکیان سووتاند. دواتر (کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی) لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندرا و لە 5ـی ئابی 2025 دەستی بە کارەکانی کرد. ئەو کۆمیسیۆنە رۆژی 18ـی شوباتی 2026 راپۆرتی هاوبەشی فراکسیۆنەکانی پەسند کرد. ئێستا چاوەکان لەسەر هەنگاوی یاسایی و چەکدانانی کردەیی پەکەکەن.
تورکیا03-08-2026دەوڵەت باخچەلی: دابەزینی رێژەی گەشەی دانیشتووان مەترسییە بۆ سەر بڕیار و ئاسایشی نەتەوەیی