رووداو دیجیتاڵ سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رایگەیاند، دابەزینی رێژەی گەشەی دانیشتووان و لاوازبوونی پێکهاتەی خێزان لە تورکیا گەیشتووەتە ئاستی "پرسی مان و نەمان" و داوای کرد بەپەلە رێکاری پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە بگیڕێتە بەر. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیا پارتەکەی رایگەیاند، بەرنامەکانی تەلەڤزیۆن، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێک رەوتی وەک هاورەگەزخوازان زیانی گەورەیان بە پێکهاتەی خێزانی تورک گەیاندووە. باخچەلی گوتی: "لە کاتی دانانی بناخەی 'سەدەی تورکیا'دا، پێویستە پێش هەموو شتێک گەنجانی تورک بە هۆشیاریی ناسنامەی نەتەوەیی و کولتووری پەروەردە بکرێن کە لەسەر نەریتی تورکی و ئیسلامی دارێژراوە." سەرۆکی مەهەپە جەختی لەسەر چاکسازی لە سیستمی پەروەردەدا کردەوە و رایگەیاند، ئامانجی پەروەردە تەنیا بەدەستهێنانی بڕوانامە و دۆزینەوەی کار نییە، بەڵکو پەروەردەکردنی مرۆڤی بەرپرسیار و خاوەن کەسایەتییە. پرسی دابەزینی رێژەی لەدایکبوون لە ساڵانی دواییدا بووەتە یەکێک لە بابەتە گەرمەکانی رۆژەڤی تورکیا؛ بەپێی ئامارە فەرمییەکانی دەستەی ئاماری تورکیا (TÜİK)، رێژەی منداڵخستنەوە لە تورکیا دابەزیوە بۆ خوار ئاستی پێویست بۆ نوێبوونەوەی دانیشتووان (2.1 منداڵ بۆ هەر ژنێک). حکومەتی تورکیا و هاوپەیمانیی گەل (ئاکپارتی و مەهەپە) ئەم بابەتە وەک مەترسییەک بۆ سەر داهاتووی دیمۆگرافی و ئابووریی وڵات دەبینن و هانی خێزانەکان دەدەن بۆ ئەوەی منداڵی زیاتریان ببێت.