رووداو دیجیتاڵ شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە دوێنێ دیدارێکی سێ کاژێری لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجامدا، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە. راگەیێندراوەکە بەم جۆرەیە: "وەک شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لە 2ـی ئاب دیدارێکمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجامدا. لە دیدارەکەدا، بەڕێز ئۆجەلان هەڵسەنگاندنی بۆ پرۆسەی ئێستا، ئەو کارانەی دەکرێن و بەرپرسیارێتییە مێژووییەکانی بۆ داهاتوو کرد. ئەو پەیامانەی دایە شاندەکەمان کە دەیویست لەگەڵ رای گشتیدا هاوبەشیبکەین. پەیامەکانی بەڕێز ئۆجەلان بەم شێوەیەن: 'رێگەی هەزار کیلۆمەتری بە هەنگاوێک دەستپێدەکات. لە رێگەی پڕۆژەیاسایەکەوە هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی پرسێکی مێژوویی دەنێین. ئێمە لە سەرەتای پرۆسەیەکی دیموکراسیکردنداین کە کەمتر نییە لە گرنگیی دامەزراندنی کۆمار. هەروەکو چۆن لە کاتی دامەزراندنی کۆماردا رەنج و قوربانیدانێکی گەورە درا، ئێستاش بۆ کۆماری دیموکراسی پێویستە بە هەمان جدییەت کاربکرێت. هەموو کەسێکی ئەم خاکە پێویستی بەمەیە، نەک تەنیا کورد و لایەنێک. کاتێک هەنگاوەکە هەڵبگیرێت، کاریگەری لەسەر چارەنووسی وڵاتەکە و ناوچەکە دەبێت؛ رێگە بۆ پێشکەوتنی دادپەروەریی دیموکراسی و گەشەکردنی دەرفەتە ئابوورییەکان دەکاتەوە. ئەمەش خزمەتێکی گەورەیە بۆ 86 ملیۆن کەس. ئێمە بە رێکخستنی کۆمەڵگە هەنگاوێکی مێژوویی دەنێین. ئەم هەنگاوە بەشدارییەکی زۆر گەورە لە ئابووری و ئاشتیدا دەکات. هێشتا هەموو شتێک چارەسەرنەکراوە. بەڵام دۆخێکی وەهاش نییە کە مرۆڤ بە شێوازێکی نەرێنی لێی بڕوانێت. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە بەدروستی لەم هەنگاوە تێبگەین و هەموو کەسێک بە بەرپرسیارێتییەوە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە هەڵسوکەوتبکات. ئەو یاسایەی کە بڕیارە سیاسەت دەریبکات کلیکی کردنەوەی دەرگای پرۆسەکەیە. کردنەوەی دەرگایە بەڕووی کۆماری دیموکراسیدا.' شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی 3ـی ئابی 2026"
تورکیا02-08-2026عەبدوڵڵا زەیدان: ئەگەر دان بە کورد دا بنرێت، ئاشتی باڵ بەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکێشێت