رووداو دیجیتاڵ
دەستەی ئاماری تورکیا (TÜİK) ئامارەکانی گەشتوگوزاری بۆ چارەکی دووەمی ئەمساڵ (نیسان – ئایار-حوزەیرانی 2026) بڵاوکردەوە، کە تێیدا داهاتی گەشتوگوزاری وڵاتەکە بەراورد بە هەمان ماوەی پار 2.6% کەمی کردووە و بووەتە 15 ملیار و 865 ملیۆن و 339 هەزار دۆلار. داهاتی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵیش زیاتر لە 25 ملیار دۆلار بووە.
بەپێی زانیارییەکانی دەستەی ئاماری تورکیا، لەم بڕە داهاتەی لە رێگەی گەشتیارانەوە بەدەستهاتووە و 209 ملیۆن و 471 هەزار دۆلاری لە گەشتیارانی ترانزێتەوە بووە.
هەروەها 15.6%ی کۆی داهاتەکە لە رێگەی ئەو هاووڵاتییە تورکانەوە دابین کراوە کە لە دەرەوەی وڵات دەژین و بۆ گەشتوگوزار گەڕاونەتەوە تورکیا.
ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ژمارەی ئەو گەشتیارانەی لە نێوان مانگی نیسان بۆ کۆتایی حوزەیرانی سەردانی تورکیایان کردووە 5.1% کەمی کردووە و بووەتە 15 ملیۆن و 581 هەزار و 14 کەس.
تێکڕای خەرجیی شەوانەی هەر گەشتیارێکیش لەم ماوەیەدا 113 دۆلار بووە.
لە لایەکی دیکەوە، خەرجیی گەشتوگوزاری ئەو هاووڵاتییانەی تورکیا کە سەردانی دەرەوەی وڵاتیان کردووە، 7.4% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 2 ملیار و 962 ملیۆن و 898 هەزار دۆلار.
ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی سەردانی دەرەوەیان کردووە 16.5% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 3 ملیۆن و 434 هزار و 172 کەس، کە تێکڕای خەرجیی هەر کەسێک 863 دۆلار بووە.
کۆی گشتی داهاتی کەرتی گەشتیاری لە ماوی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا گەیشتووەتە 25.7 ملیار دۆلار.
کەرتی گەشتوگوزار یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی دابینکردنی دراوی بیانی بۆ ئابووریی تورکیا. سەرەڕای زیادبوونی ئاستی هەڵاوسان و گۆڕانکاری لە تێچووی گەشتکردندا لە ناوچەکە، ساڵانە گەشتیاریکی زۆری بیانی بە مەبەستی گەشت، سەردان و چالاکیی رۆشنبیری سەردانی تورکیایان دەکەن.
تورکیا دەیەوێت تا کۆتایی ساڵی 2026، نزیکەی 68 ملیار دۆلار لە کەرتی گەشتوگوزار بەدەست بهێنێت.


