رووداو دیجیتاڵ جێگری سەرۆکی پارتیی نوێ رایگەیاند، لە یەکەم 24 کاژێری دەستپێکردنی کۆکردنەوەی هەڵمەتی هاوکاریی دارایی بۆ پارتەکەیان، 113 ملیۆن و 841 هەزار و 910 لیرەی تورکی وەکو هاوکاری بۆ پارتەکە کۆکراوەتەوە، دەکاتە زیاتر لە 2.3 ملیۆن دۆلار. ئۆزگور جەیلان، جێگری سەرۆکی پارتیی نوێ لە پەیامێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند: "لە یەکەم 24 کاژێری هەڵمەتی هاوکاریی پارتیی نوێ، 31 هەزار و 934 هاووڵاتی بڕی 113 ملیۆن و 841 هەزار و 910 لیرەی تورکییان بەخشیوە. سوپاسی تەواوی ئەو هاووڵاتییانە دەکەین پشتیوانییان کردووین، هەروەها زانیارییە داراییەکان بە شێوەیەکی شەفاف بۆ رای گشتی دەخەینەڕوو." جێگری سەرۆکی گشتیی پارتیی نوێ خشتەیەکی بڵاوکردەوە تێیدا بڕی هاوکارییە کۆکراوەکانی بەراورد کردبوو بە هاوکارییەکانی خەزێنەی دەوڵەت لە ساڵی 2026دا بۆ پارتە سیاسییەکانی دیکەی تورکیا، بەوپێیەی پارتیی نوێ بەهۆی بەشدارینەکردنی لە دوایین هەڵبژاردنی گشتیدا، مافی وەرگرتنی هاوکاریی دارایی خەزێنەی نییە. ئەم هەڵمەتە دوای ئەوە هات کە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتیی نوێ لە رێگەی پەیامێکی ڤیدیۆییەوە داوای لە لایەنگرانی کرد هاوکاریی دارایی بخەنە سەر هەژمارە فەرمییەکانی پارتەکە تاوەکو بۆ خەرجییەکانی دامەزراندن و رێکخستن بەکاربهێنرێت. لە تورکیا، ئەو پارتە سیاسییانەی بەشداری لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا دەکەن و رێژەی دیاریکراوی دەنگەکان دەهێنن، بەپێی یاسا ساڵانە هاوکاریی دارایی لە گەنجینەی دەوڵەت وەردەگرن. ئەو پارتە تازە دامەزراوانەی هێشتا بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا نەکردووە، بەپێی یاساکانی تورکیا پەنا بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری و بەخشینی دارایی لە لایەن هاووڵاتییان و لایەنگرانیانەوە دەبەن بۆ دابینکردنی خەرجییە کارگێڕییەکان و چالاکییە سیاسییەکانیان. لە ئەنجامی ناکۆکییە نێوخۆییەکانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی دوورخراوەی جەهەپە و 90 پەرلەمانتاری پارتەکە لە 24ی تەممووزی 2026 دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان لە ریزەکانی جەهەپە راگەیاندن و (پارتیی نوێ)ـیان دامەزراند. دوای دامەزراندنی، لەرووی ژمارەوە پارتیی نوێ بووە دووەم گەورەترین فراکسیۆنی ناو پەرلەمانی تورکیا لە دوای فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی).
تورکیا30-07-2026سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: لە قۆناخی نوێی تورکیادا شوێنی "تۆ تورکیت و من کوردم" نابێتەوە
تورکیا30-07-2026لە پێنجەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەی کۆنیا بنەماڵەی دەدەئۆغوڵڵەری هێشتا چاوەڕێی دادپەروەرین
تورکیا30-07-2026هاونیشتمانییەک بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا: دەمانەوێت بە کۆمێنتاری کوردی سەیری یارییەکانی ئامەدسپۆر بکەین