رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لەبارەی تۆڕی دارایی داعش، لە دوو ئۆپەراسیۆنی هاوکاتدا لە تورکیا 21 گومانلێکراو دەستبەسەر کران؛ دەرکەوتووە بەشێک لە پارەکان بۆ "کڕینەوە و ئازادکردنی" چەکدارانی داعش بووە لە کەمپەکانی باکووری سووریا.
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئەنقەرە رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە ناوەندەکەی ئەنقەرە بوو، 14 گومانلێکراو دەستبەسەر کران. ئۆپەراسیۆنەکە دوای ئەوە هات کە باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا زانیاریی داوەتە بەڕێوەبەرایەتیی دژەتیرۆری تورکیا، کە لە وڵاتانی ئەڵمانیزماندا پارە کۆکراوەتەوە بۆ ئازادکردنی ئەندامانی داعش کە لە کەمپەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) زیندانین.
داواکاری گشتی ئاماژەی بەوە کردووە: "ئەو هاوکارییانە لە رێگەی کەناڵەکانی تێلێگرامەوە کۆکراونەتەوە کە لە نێو سووریاوە بەڕێوەبراون، و لە رێگەی چەند کەسێکەوە لە نێو تورکیا رەوانەی سووریا کراون." دوای لێکۆڵینەوەی دەستەی تاوانە داراییەکان (مەساك)، ناسنامەی 16 گومانلێکراو (کە دووانیان سووری و یەکێکیان ئۆزبەکە) دەستنیشان کران و 14یان دەستگیر کران.
هاوکات لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا لە ئیستەنبووڵ، تیمەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر حەوت گومانلێکراوی دیکەیان دەستگیر کرد. ئەو تۆڕە لە رێگەی گرووپێکی واتسئەپەوە پارەیان لە نێوان ناوچەکانی شەڕ و تورکیا گواستووەتەوە و پەیوەندییان بەو کەسانەوە هەبووە کە ناویان لە لیستی رەشی دابینکردنی دارایی بۆ داعشدا هەیە.
ئەمە چوارەم ئۆپەراسیۆنی دژ بە داعشە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی 2026ـەوە لە تورکیا، کە تێیاندا 86 کەس دەستگیر کراون.
بەپێی ئاماری فەرمیی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا، هەزار و 23 کەس لە تورکیا بە تۆمەتی ئەندامێتی، پڕوپاگەندە و کۆکردنەوەی هاوکاریی دارایی بۆ داعش دەستبەسەر کراون.

