رووداو- دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە رێوڕەسمی بەخشینی مێدالیای سەربەخۆیی لە شارۆچکەی ئینەبۆڵوی وڵاتەکەی رایگەیاند، ئەو پڕۆژەیاسایەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد ئامادە دەکرێ، لێبووردنی گشتی لەخۆناگرێ.
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە گوتی، ئامانجی سەرەکی لە پرۆسەکە کۆتاییهێنانە بە شەڕ و تووندوتیژی و رایگەیاند: "پرسی تیرۆر نزیکەی 50 ساڵی لە تەمەنی ئەم گەلە برد، بەو هۆیەوە دەیان شەهیدمان دا و زۆر خێزان ئازاریان چەشت، ئەوە جگە لە بەهەدەردانی ترلیۆنان دۆلار. ئێستا ئەم بابەتە بۆ هەمیشەیی کۆتایی پێدەهێنین."
کورتوڵموش گوتی: "پرۆسەیەکی یاسایی لەپێشمانە کە هیوادارین بە سازانی هەموو پارتە سیاسییەکانی پەرلەمان پەسند بکرێ. جەخت دەکەینەوە کە ئەم یاسایە بە هیچ شێوەیەک لێبووردنی گشتی یان کەسی نییە، بەڵکو یاسایەکی کاتی و تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە (پەکەکە)."
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتی، مەرجی جێبەجێکردنی ئەو یاسایەی لە پەرلەما دەردەچێ، بەستراوەتەوە بە دانانی چەک، هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و راگرتنی تەواوی چالاکییەکانی، ئەمەش دوای پشتراستکردنەوەی مەیدانی.
کورتوڵموش ئاماژەی بەوەش کرد، سەرکەوتنی پڕۆسەکە کاریگەر دەبێ و گوتی: "لەو قۆناخە نوێیەدا جێی چەک، شەڕ، و دروشمی 'تۆ تورکیت و من کوردم' یان 'تۆ عەلەویت و من سوننەم' نابێتەوە، بەڵکو قۆناخێکی نوێی برایەتی دەستپێدەکات."
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا راشیگەیاند، پەرلەمانی وڵاتەکەی لە ئامادەکردنی پرۆژە یاسا بۆ پرسە گرنگەکان بەردەوامە و ئەگەر پێویستیشی کرد پرۆژەیاسای دیکەش ئامادە دەکەن لەپێناو کردنەوەی دەرگاکان بەرەو قۆناخێکی نوێ لە تورکیا.
کورتوڵموش ئاماژەی بە سەردانەکەی چەند رۆژێک لەمەوبەری بۆ چیای جودی لە پارێزگای شرنەخ لە باکووری کوردستان کرد و رایگەیاند، ئەو ناوچەیەی پێشتر بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە کەس نەیدەتوانی سەردانی بکات، ئەم ساڵ زياتر لە 14 بۆ 15 هەزار کەس بەشدارییان لە رێوڕەسمێکدا کرد تێیدا و بڕیاریش دراوە ساڵانە ئەو چالاکییە بە چاودێریی پەرلەمانی تورکیادا بەڕێوەبچێت.
حکومەتی تورکیا و پەرلەمانی ئەو وڵاتە کار لەسەر ئامادەکردنی پرۆژەیاسایەکی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی چەکداری و شەڕی چەندین دەیەی نێوان تورکیا و پەکەکە.
ئەم لێدوانەی سەرۆکی پەرلەمان لە کاتێکدایەکە دەنگۆی جیاواز لەسەر ناوەرۆکی پرۆژەیاساکە هەیە.
چاوەرێ دەکرێ لە چەند رۆژی داهاتوو ئەو پرۆژەیاسایە بگاتە پەرلەمانی تورکیا و بخرێتە دەنگدان.


