رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی تورکیا لە وەڵامی میدیای ئەورووپا لەبارەی ئەگەری مانەوەی هێزەکانیان لە عێراق و سووریا رایگەیاند، ئەگەر ئاسایشی ناوچەکە و سنوورەکان مسۆگەر بکرێت، پێداچوونەوە بۆ بابەتەکە دەکەنەوە.
یاشار گولەر، لە وەڵامێکی نووسراودا بۆ پرسیاری میدیای ئەورووپا لەبارەی چارەنووسی هێزەکانیان لە عێراق و سووریا گوتی: "ئێمە درێژە بە بوونی سەربازیی خۆمان لە عێراق و سووریا دەدەین. ئەگەر ببینین مەرجە پێویستەکان لەڕووی ئاسایشی ناوچەیی و سنوورییەوە هاتوونەتە دی، پێداچوونەوە بە بنکەکانمان و بوونمان لە ناوچەکەدا دەکەینەوە."
ئەوەی تورکیا بە سەرەکیترین پاساوی بوونی سەربازیی هێزەکانی لە عێراق و سووریا نیشان دەدات، پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی و ستراتیجیی "لەناوبردنی هەڕەشەکانە" کە ئاراستەی وڵاتەکەی دەکرێن.
بەرپرسانی ئەنقەرە دەڵێن، هێزەکانیان بۆ رێگریکردن لە دزەکردن و هێرشەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچە شاخاوییە سەختەکانی باشووری کوردستان جێگیرکراون.
هەروەها دەڵێن، لە سووریاشدا لەڕێی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە، رێگری لە دروستبوونی "رێڕەوی تیرۆر"ی دیفاکتۆ لەلایەن گرووپەکانی وەک یەپەگە و داعش لەسەر سنووری باشووری ئەو وڵاتە کراوە.
هەروەها رایانگەیاندووە کە ئەنقەرە لە رێی دروستکردنی ناوچەی ئارام لە ئیدلب و رۆژهەڵات و رۆژئاوای فورات، پێشی بە شەپۆلی نوێی کۆچی بەکۆمەڵ بەرەو تورکیا گرتووە و زەمینەسازیی بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی پەنابەران کردووە.
تورکیا بنەمای یاسایی ئەم ئۆپەراسیۆن و جێگیربوونە سەربازییانەی بۆ "مافی بەرگری لە خۆکردن" بەپێی ماددەی 51ـی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو مۆڵەتنامانە دەگەڕێنێتەوە کە بە بەردەوامی لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە پەسند دەکرێن.



