رووداو دیجیتاڵ
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە پەیامێکدا بۆ بیستەمین کۆنفرانسی کورد لە پەرلەمانی ئەورووپا رایدەگەیێنێت، مۆدێلێکی گشتگیریان بۆ چارەسەریی پێشکەش کردووە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرکەوتنی پرۆژەی ئاشتی، سەقامگیری و دیموکراسی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست مسۆگەر دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ی تشرینی یەکەمی 2026، لە چوارچێوەی 20ـەمین کۆنفرانسی کورد کە لەژێر ناوی "یەکێتیی ئەورووپا، تورکیا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کورد" لە پەرلەمانی ئەورووپا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەڕێوەچوو، پەیامێکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە لە 9ی تشرینی یەکەمەوە لە دوورگەی ئیمراڵییەوە نێردرابوو، خوێندرایەوە.
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە هێنانی بۆ ئیمراڵی لە 15ی شوباتی 1999 بە "پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی و بە کاریگەریی گلادیۆی ناتۆ" بووە، و دەڵێت: "پێویستە یەکێتیی ئەورووپا ئەمڕۆ بەپێی یاساکانی خۆی بجوڵێتەوە و گرنگییەکی گەورە هەیە کە هەم بۆ دیموکراسیکردنی تورکیا و هەم بۆ چارەسەریی پرسی کورد، رۆڵێکی بونیادنەر ببینێت."
رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە جەختی لەوەش کردەوە کە باشترین رێگا بۆ بەرەنگاربوونەوەی راستڕەویی تووندڕۆ لە ئەورووپا، خاوەندارێتیی راستەقینەیە لە بەها دیموکراتییەکان.
لەبارەی قۆناخی ئێستاشەوە، ئۆجەلان دەڵێت: "ئەو کارانەی لە تورکیا دەیکەین، بەنرخ و گرنگن. لەبری شەڕ و کۆمەڵکوژی، پرۆسەیەکی جدیمان بۆ دۆزینەوەی چارەسەریی سیاسی، دادپەروەرانە و یاسایی دەستپێکردووە... ئێمە مۆدێلێکی زۆر گشتگیر بۆ چارەسەری پێشکەش دەکەین."
ئۆجەلان لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئەوەی خستەڕوو کە ئەم پرۆسەیە هەنگاوێکی مێژووییە بۆ ئەورووپا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، و سەرکەوتنی پرۆژەی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" دەبێتە مایەی چەسپاندنی سەقامگیری و دیموکراسی لە ناوچەکەدا، داواش لە بەشداربووانی کۆنفرانسەکە کرد لە خەبات و کارە نێودەوڵەتییەکانیان بەردەوام بن.
دەقی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان:
"سڵاو دەکەم لە بەشداربووان و رێکخەرانی 20ـەمین کۆنفرانسەکەتان... بێگومان کارێکی زۆر بەنرختان کردووە و دەیکەن، بۆ ئەمەش سوپاس و رێزی خۆمتان پێشکەش دەکەم.
من لە 15ی شوباتی 1999 بە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی هێنرام بۆ ئیمراڵی. بە کاریگەریی گلادیۆی ناتۆ، ئێستا لێرەم. ئەو پیلان و یارییانە لە گەلانی ئەورووپا شاردراوەتەوە. بێگومان ئێوە دژی ئەم دۆخە تێدەکۆشن و بۆ ئەمەش کار دەکەن.
پێویستە یەکێتیی ئەورووپا، کە لەو سەردەمەدا ئەو نزیکبوونەوەیەی نیشان دا، ئەمڕۆ بەپێی یاساکانی خۆی بجوڵێتەوە. گرنگییەکی گەورەی هەیە کە هەم بۆ بۆ دیموکراسیکردنی تورکیا و هەم بۆ چارەسەریی پرسی کورد، رۆڵێکی بونیادنەر ببینێت. رێگای سەرەکیی بەرەنگاربوونەوەی راستڕەویی تووندڕۆ و مەیلی دەسەڵاتخوازی لە ئەورووپاش، خاوەندارێتیی راستەقینە لە بەها دیموکراسییەکانە.
ئەو پشتیوانییەی کە لە رێگەی چالاکییە مەدەنی و سیاسییەکانی وەک کۆنفرانسەکەتانەوە لە (پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی) دا نیشان دەدرێت، پشتیوانییە بۆ ئاشتی و دیموکراسی. لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە کارەکانتان و کۆنفرانسەکەتان هەمیشەییتر ببن. پێویستی بە هەنگاوی نوێ هەیە. پێویستی بە کارێکی نێودەوڵەتی هەیە.
ئەو کارانەی لە تورکیا دەیکەین، بەنرخ و گرنگن. لەبری شەڕ، کۆمەڵکوژی و پەراوێزخستن، پرۆسەیەکی جدیمان دەستپێکردووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەریی سیاسی، دادپەروەرانە و یاسایی بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان... ئێمە سەرەڕای پرسیارە گەورەکان، مۆدێلێکی زۆر گشتگیر بۆ چارەسەری پێشکەش دەکەین. ئەم کارە هەم بۆ ئەورووپا و هەم بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەنگاوێکی مێژووییە. سەرکەوتنی پرۆژەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی، ئاشتی، سەقامگیری و بە دیموکراسییەکردنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست مسۆگەر دەکات. بۆ سەرکەوتنی ئەمە، ئێوەش دەتوانن زۆر شت بکەن.
جارێکی دیکە پیرۆزبایی لە پێکهاتەی کۆنفرانسەکەتان دەکەم و سڵاو و رێزم هەیە."
عەبدوڵڵا ئۆجەلان
9-10-2026


