رووداو دیجیتاڵ
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، رایگەیاند، "هەندێک نیگەرانی وەک 'ئەگەر چەک دانەنێن چی؟' لەنێو هاووڵاتییاندا دروست بووە. شتی وا روونادات. ئەگەر چەک دانەنێن، ئەم یاسا پەسندکراوە جێبەجێ ناکرێت. لێرەدا وەک دەوڵەت، خۆمان و گەلەکەمان پاراستووە و گەرەنتییەکانمان لەنێو یاساکەدا جێگیرکردووە."
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی سەرۆکی پەرلەمانەکانی ئەورووپا لە ئیتاڵیا، لە باڵیۆزخانەی تورکیا لە رۆما لەگەڵ رەوەندی تورکی کۆبووەوە.
کورتوڵموش، ئاماژەی بەوە کرد، "چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکانی تورکیا یەکێکە لە گرنگترین ئەرکەکان" و رایگەیاند: "پرسی تورکیای بێ تیرۆر کە دوو ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکرد، پێشینەیەکی نیشتمانییە. نزیکەی 50 ساڵ لەم 100 ساڵەدا خەریکی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بووین. هێزە ئیمپریالیستەکان دوای هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عوسمانی، لە رێگەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە هەوڵیان دا ئاژاوە لەنێوان گەلانی ئەم جوگرافیایەدا بنێنەوە. لەم ماوەیەدا دەیان هەزار کەسمان گیانیان لەدەستدا. هەزاران گەنجی وڵاتەکەمان شەهید بوون و تورکیا زیاتر لە 2 تریلیۆن دۆلار زیانی بەرکەوتووە."
کورتوڵموش، باسی لەوەش کرد، "ساڵی 2025، لە پەرلەمان لیژنەیەک بەناوی 'لیژنەی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی' پێکهێنرا و راپۆرتێکیان وەک نەخشەڕێگە خستەڕوو کە زۆربەی پارتەکان لەسەری رێککەوتن. دواتر لە 10ی ئابی ئەمساڵدا، 'یاسای پتەوکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" بە دەنگی 467 پەرلەمانتار پەسند کرا."
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، جەختی لەوە کردەوە، سێ گەرەنتییان لە یاساکەدا جێگیرکردووە؛ یەکەمیان، دەزگا ئەمنییەکان دڵنیایی بدەن کە پەکەکە چەکەکانی داناوە و خۆی هەڵوەشاندووەتەوە و ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیش ئەمە پشتڕاست بکاتەوە.
گەرەنتیی دووەم، ئەو لیژنەیەیە کە بە سەرۆکایەتیی یاریدەدەری سەرۆککۆمار و بە بەشداریی وەزارەتەکان و دامەزراوە باڵاکانی دەوڵەت پێکهاتووە و بەرپرسە لە بەڕێوەچوونی پرۆسەکە. گەرەنتیی سێیەمیش، لیژنەی چاودێرییە کە لە پەرلەمان پێکدەهێنرێت.
کورتوڵموش گوتیشی، "هەندێک نیگەرانی وەک "ئەگەر چەک دانەنێن چی؟' لەنێو هاووڵاتییاندا دروست بووە. شتی وا روونادات. ئەگەر چەک دانەنێن، ئەم یاسا پەسندکراوە جێبەجێ ناکرێت."
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم پرۆسەیە تەنیا پەیوەست نییە بە یاسایەک و رێکخراوێکەوە، بەڵکو هەنگاوێکی گرنگ و مێژووییە بۆ رێکخستنەوەی ناوچەکە و گوتی: "تورکیای بێ تیرۆر تەنیا سنوورەکانی تورکیا ناگرێتەوە؛ کاریگەریی ئەرێنی لەسەر وڵاتانی ناوچەکە، لەوانەش سووریا و عێراق دەبێت. هیوادارین لەگەڵ پێشکەوتنی پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر"، ناوچەیەکی بێ تیرۆریش دروست ببێت."


.jpg&w=3840&q=75)
