رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی بەهێزی لێزمەباران شاری ئیستەنبووڵی لە تورکیا گرتەوە و لافاو لە چەندین گەڕەک و ناوچەی سەرەکی دروستبوو؛ ئاو چووەتە نێو بازاڕە مێژووییەکان و تونێلەکان، هاتووچۆی میترۆ و تراموا پەکیکەوتووە و هەزاران کارمەندی فریاگوزاریش خراونەتە ئامادەباشییەوە.
بارانبارینەکە کە لە ئێوارەی دوێنێوە بە پچڕپچڕی دەستیپێکردووە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ی تشرینی یەکەمی 2026 لە چەندین ناوچەی وەک (باشاکشەهیر، باخچەلی ئێڤلەر، بێشیکتاش، سارییەر، بەیئۆغڵو و زەیتونبورنو) بووە هۆی دروستبوونی لافاو. ئاو چووەتە نێو دەیان ماڵ، دووکان، ژێرزەمین و هۆڵی وەرزشی؛ هاوکات لە چەند شوێنێک زەوی داڕماوە و دارەکان هەڵکەندراون.
لە ناوچەی فاتیحی مێژوویی، لافاو چووە نێو بازاڕی داپۆشراوی مێژوویی (کاپاڵی چارشی) و بازاڕی میسرییەکان. لە ژێر پردی یەنیکاپیش، کەسێک کە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە لێواری خنکاندا بوو، لەلایەن هاووڵاتییانەوە بە شۆفڵ رزگارکرا.
هەروەها رووباری کاغتخانە سەرڕێژی کرد و تونێلی کاغتخانە - پیالەپاشا بە تەواوی بە رووی هاتووچۆدا داخرا، ئەمەش قەرەباڵخی و کاروانێکی درێژی ئۆتۆمبێلی لێکەوتەوە. لە ناوچەی سارییەریش لافاو ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی لەگەڵ خۆی برد.
کۆمپانیای میترۆی ئیستەنبووڵ لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، گەشتەکانی هێڵی تراموای T3 کادیکۆی - مۆدا بە تەواوی هەڵوەشێنراونەتەوە، لە هێڵی تراموای T1یش بەشێک لە وێستگەکان لە کار وەستاون و گەشتەکان کورتکراونەتەوە.
مستەفا چفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، بۆ بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووان لە ئیستەنبووڵ و ئەنتاڵیا، 10 هەزار و 293 کارمەند و سێ هەزار و 118 ئامێر و ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری بەسەر ناوچەکاندا دابەشکراون.
وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوە کرد کە تەنیا لە ئیستەنبووڵ 8 هەزار و 392 کارمەند و 2 هەزار و 246 ئامێری کارکردن لە ئەرکدان، داواشی لە هاووڵاتییان کرد بە تەواوی پابەندی هۆشدارییەکانی کەشناسی و دەستەی کارەسات و فریاگوزاریی تورکیا (ئافاد) بن و لە شوێنە نزمەکان و کەنار رووبارەکان دووربکەونەوە.


.jpg&w=3840&q=75)
