رووداو - دیجیتاڵ
مزگەوتی گەورەی ئایاسۆفیا لە ئیستەمبووڵ، دوای تێپەڕبوونی 6 ساڵ بەسەر دووبارە ناساندنی وەکو مزگەوت، پێشوازی لە زیاتر لە 30 ملیۆن گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی کردووە، واتە ساڵانە بە تێکڕا پێشوازی لە پێنج ملیۆن گەشتیار کردووە.
عاریف جەڤلێک، جێگری موفتیی ئەستەمبووڵ رایگەیاند کە بریاری دووبارە کردنەوەی ئایاسۆفیا وەک مزگەوت، خۆشحاڵییەکی گەورەی لە تورکیا و جیهانی ئیسلامیدا دروستکردووە و گوتی:"گەرانەوەی ئایاسۆفیا بۆ ناسنامەی راستەقینەی خۆی وەڵامی ئەو حەسرەتە درێژخایەنەی دایەوە کە دەمێکبوو چاوەڕوانبووین. لەو کاتەوە زیاتر لە 30 ملیۆن کەس سەردانی مزگەوتی ئەیاسۆفیایان کردووە."
جێگری موفتی ئیستەنبووڵ ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێک لە سەردانیکەران لە رێگەی کاریگەریی ئەو کەشە رۆحییەی ناو مزگەوتەکە دەبنە موسڵمان و گوتی: "رۆژانە و هەفتانە بەردەوام شایەتحاڵی ئەو کەسانە دەبین کە لە ئایاسۆفیا تازە دەبنە موسڵمان."
جەڤلێک راشیگەیاند ژمارەی سەردانیکەران لە رۆژهەڵاتی دوور و ئاسیای ناوەڕاست بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
مزگەوتی ئایاسۆفیا بۆ ماوەی 916 ساڵ وەک کەنیسە بەکارهاتووە و لە ساڵی 1453دا دوای رزگارکردنی ئیستەنبووڵ لەلایەن فاتیح سوڵتان مەحمەدەوە کرایە مزگەوت.
لە 24ی تشرینی دووەمی 1934 بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا کرایە مۆزەخانە و 86 ساڵ وەک مۆزەخانە پێشوازی لە گەشتیاران کرد.
دواتر لە 10ی تەممووزی 2020، دادگەی باڵای کارگێڕیی تورکیا لەسەر راسپاردەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بڕیاری ساڵی 1934ی هەڵوەشاندەوە و ئایاسۆفیا جارێکی دیکە وەکو مزگەوت ناسێندرا.
لە 24ی تەممووزی 2020، دوای 86 ساڵ بۆ یەکەمجار نوێژی هەینی بە بەشداریی ئەردۆغان لە ئایاسۆفیا کرا.



