رووداو - دیجیتاڵ
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پێشووی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لەگەڵ 90 پەرلەمانتاری جەهەپە بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان لە پارتەکە راگەیاند و بەپێشکەشکردنی داواکاری بۆ وەزارەتی ناوخۆ، پارتییەکی نوێیان بە ناوی "پارتی نوێ" (Yeni Parti) دامەزراند.
دوای ئەوەی هەوڵە یاساییەکانی ناو جەهەپە بێئەنجام بوون، ئۆزگور ئۆزەل بڕیاری کۆتایی دا و لە جەهەپە جیابووەوە.
رۆژی پێنجشەممە 24ی تەممووز، 90 پەرلەمانتار لە پەرلەمانی تورکیا ئیمزایان بۆ دەستەی دامەزرێنەری پارتییە نوێیەکە کۆکردەوە و بەهۆی ئەم دەستلەکارکێشانەوە بەکۆمەڵەی پەرلەمانتارانەوە، ژمارەی کورسییەکانی جەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا لە 135 کورسییەوە بۆ 44 کورسی دابەزی.
بەیانی ئەمڕۆ هەینی، 25ی تەممووز، داواکاریی فەرمیی دامەزراندنی "پارتی نوێ" رادەستی وەزارەتی ناوخۆ کرا.
ئۆزگور ئۆزەل پێش ناردنی داواکارییەکەی بۆ وەزارەتی ناوخۆ، گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە لە کاتی ئیمزا کردنی داواکارییەکەدا و گوتی: "بەهیوای خێر و بەرەکەت بۆ نیشتمان و گەلەکەمان."
بریار وایە هەر ئەمرۆ، دەستەی دامەزرێنەرانی پارتی نوێ کۆببنەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی گشتی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی.
جەهەپە کە کۆنترین پارتی سیاسیی کۆماری تورکیایە و لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورکەوە لە ساڵی 1923 دامەزراوە، لە دوای 38یەمین کۆنگرەی ئاسایی تووشی قەیرانی ناوخۆیی و کێشەی یاسایی گەورە بووەوە.
بڕیاری دادگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەستەی بەڕێوەبەری و گۆڕانکارییەکانی کۆنگرە 38ی حیزبەکە، بووە هۆی دروستبوونی ناکۆکیی قوڵ لە نێو ناو پارتەکەدا، کە سەرەنجام بە جیابوونەوەی باڵی ئۆزگور ئۆزەل و دروستکردنی پارتییەکی نوێ لە پەرلەماندا کۆتایی هات.



