رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە، ئاشکرایکرد کارەکانی دامەزراندنی پارتە نوێیەکەیان لەگەڵ پەرلەمانتاران دەستپێکردووە و لە مانگی ئاب یان ئەیلوولی ئەمساڵدا پارتەکە بە فەرمی رادەگەیێنن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی تەممووزی 2026 لە ئەنقەرە، ئۆزگور ئۆزەل لەگەڵ ئەندامانی پێشووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و تیمی کارەکەی کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە لە وەڵامی رۆژنامەڤاناندا سەبارەت بە کاتی راگەیاندنی پارتە نوێیەکە گوتی: "دامەزراندنی پارتەکە لەگەڵ پەرلەمانتارانمان باس دەکەین، بەڵام دامەزراندنی سیاسیی پارتەکە لەگەڵ گەلەکەمان لە مانگی ئاب و ئەیلوولدا دەبێت. لەگەڵ ئەو راگەیاندنەدا، هەموومان پێکەوە دەچینە نێو پارتە نوێیەکەمان و لەو رووەوە هیچ کێشەیەکمان نییە."
سەبارەت بەوەی ئەگەر دادگای باڵا بڕیارەکەی هەڵبوەشێنێتەوە ئایا دەگەڕێنەوە نێو جەهەپە؟ ئۆزەل ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان بڕیاری خۆیان داوە و بەرەو پارتە نوێیەکە هەنگاو دەنێن.
دەنگۆی دەستلەکارکێشانەوەی نزیکەی 100 پەرلەمانتار لە ریزەکانی جەهەپە هەیە، ئۆزگور ئۆزەل نەیویست ژمارەی کۆتایی ئاشکرا بکات و گوتی: "با چاوەڕێی رۆژی هەینی یان دووشەممە بکەین، ئەو کاتە هەموومان پێکەوە ژمارەی دروست و تەواوی دەستلەکارکێشانەوەکان دەبینین."
ئەم هەنگاوەی ئۆزگور ئۆزەل دوای زنجیرەیەک ململانێی نێوخۆیی لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دێت، کە بووەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی دەستلەکارکێشانەوە لە نێو گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیادا.
رۆژی 21-5-2026 دادگەی ئەنقەرە لە بڕیارێکدا 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی جەهەپەی لە ساڵی 2023 بە "پووچەڵ و ناکاریگەر" هەژمار کرد. بەمەش هەڵوەشاندنەوەی رەهای بۆ تەواوی کۆنگرەکە دەرکرد و ئۆزگور ئۆزەل لە سەرۆکایەتیی پارتەکەی کەوت. کەمال کڵچدارئۆغڵو کە سەرۆکی پێشووی پارتەکەیە و لە کۆنگرەکەدا شکستی هێنابوو، گەڕێندرایەوە سەر پۆستەکەی.
رۆژی 21-7-2026 ئۆزگور ئۆزەل دەرچوونی خۆی لە جەهەپە و دامەزراندنی پارتێکی نوێ راگەیاند.


