رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی تورکیا کارنامەی دانیشتنەکانی ئەم هەفتەیەشی بڵاوکردەوە، کە زیاتر گرنگی بە قەیرانی سندووقی وەبەرهێنان دەدات و پەیوەندیی بە چارەنووسی نزیکەی نیو ملیۆن کەسەوە هەیە و هیچ بڕگەیەکی تایبەت بە کاراکردنی کۆمیسیۆنی چاودێری پرۆسەی چارەسەری تێدا نییە.
سەرەڕای ئەوەی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە 1ی تشرینی یەکەم لە گوتاری دەستپێکی خولی نوێی یاساداناندا باسی لە کاراکردنی لیژنەکانی بەدواداچوون بۆ پرۆسەی چارەسەری و چەکدانانی پەکەکە کرد، بەڵام دۆسیەکە نەخراوەتە نێو کارنامەی دانیشتنەکانی ئەم هەفتەیەی پەرلەمانەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە رۆژی 30ی ئەیلوولی 2026، پەروین بوڵدان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمان لە فراکسیۆنی دەم پارتی، رەخنەی لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان گرت بەوەی دۆسیەی پرۆسەی چارەسەری و کۆمیسیۆنە پەیوەندیدارەکانی بۆ دوو هەفتە دواخستووە، و داوای کردبوو پەلە لە دەستبەکاربوونی ئەو لیژنەیە بکرێت.
کارنامەی ئەم هەفتەیەی پەرلەمانی تورکیا:
پڕۆژەیاسایەکی 9 مادەیی کە لەلایەن ئاکپارتییەوە پێشکێش کراوە و تایبەتە بە چارەسەرکردنی کێشەی هەندێک سندووقی وەبەرهێنان، لە لیژنەی پلان و بودجە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. پڕۆژەیاسایەکە تایبەتە بە چارەنووسی زیاتر لە 455 هەزار کەس و بە "قەیرانی سندووق" ناسراوە، رۆژی چوارشەممە، 14ی تشرینی یەکەم، لە لیژنەی پلان و بودجەی پەرلەمانی تورکیا تاوتوێ دەکرێت.
پڕۆژەکە، رێکارەکانی چارەسەرکردنی 131 سندووقی وەبەرهێنان لەخۆدەگرێت کە سەر بە 7 کۆمپانیان و لە 17ی ئەیلوولی 2026ـەوە بڕیاریان لەسەر دراوە. پێشنیازی ئەوە دەکات کە هیچ پارەیەک نەدرێت بەو کەس و لایەنانەی کە بەپێی یاسای بازاڕی سەرمایە، بە ئەنجامدانی "کردەوەی تێکدەری بازاڕ"، "خراپ بەکارهێنانی زانیاری" و "ساختەکاریی بازاڕ" تاوانبار کراون.
پێشبینی دەکرێت پڕۆژەیاساکە هەفتەی داهاتوو بخرێتە کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانەوە.
لەلایەکی دیکەوە، لیژنەی دامەزراوە ئابوورییە گشتییەکان (KİT) ئەم هەفتەیە دەست بە وردبینیی حساباتی 45 دامەزراوە و رێکخراوی گشتیی دەکات. لە لیژنەکەدا، باڵانس و ئەنجامی حساباتی ساڵانی 2023 و 2024ـی دامەزراوە ئابوورییە گشتییەکان و کۆمپانیا لاوەکییەکانیان تاوتوێ دەکرێن.
ئەم هەفتەیە، حساباتی بەڕێوەبەرایەتیی کێڵگەی دارستانی ئەتاتورک، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دامەزراوەی گۆشت و شیر، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارگەکانی کشتوکاڵی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارگەکانی ئێتی مادەن تاوتوێ دەکرێن.
کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتی
لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمانی تورکیادا، پڕۆژەیاسای مانگی سووری تورکی تاوتوێ دەکرێت کە هەفتەی رابردوو دەرفەتی گفتوگۆکردنی نەبوو. هەروەها ئەم هەفتەیە دوو ئەندام بۆ دەستەی پاراستنی زانیارییە کەسییەکان هەڵدەبژێردرێن.
لیژنەی هاوئاهەنگیی یەکێتیی ئەورووپا رۆژی سێشەممە، 13ی تشرینی یەکەم کۆدەبێتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، پوختەیەک لەبارەی "پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا"ـەوە پێشکێش دەکەن.
کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکان لە پەرلەمان، رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە بەڕێوەدەچن.



