رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا پێشوازی لە شاندێکی باڵای پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) کرد و "رێکارە یاساییەکان"یان بۆ قۆناخی نوێی پرۆسەی چارەسەری تاوتوێ کرد.
کۆبوونەوەکە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 22ـی تەممووزی 2026، لە نووسینگەی نوعمان کورتوڵموش لە پەرلەمانی تورکیا و دوور لە چاوی کامێراکان بەڕێوەچوو، نزیکەی کاژێرێکی خایاند.
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەکە لە عەبدوڵڵا گولەر، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی؛ ئەفکان ئالا، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی؛ عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی و ئۆزلەم زەنگین، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی ئامادە بوون.
دوای کۆبوونەوەکە، ئەفکان ئالا، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەڤاناندا سەبارەت بەوەی کەی پڕۆژەیاسای تایبەت بە پرۆسە نوێیەکە پێشکەشی پەرلەمان دەکرێت، گوتی: "کۆبوونەوەکانمان دەکەین و گفتوگۆکان بەردەوامن. هەموو لایەک کار لەسەر ئەو بابەتە دەکەن."
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە چەند رۆژی رابردوودا زنجیرەیەک دیداری لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی نێو پەرلەمان ئەنجامدا، بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ داڕشتنی یاسایەکی نوێ کە زەمینە بۆ دانانی چەک لەلایەن پەکەکەوە خۆش بکات.
هەر ئەمڕۆ، نوعمان کورتوڵموش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "هەوڵدەدەین بە فراوانترین کۆدەنگی نێوان پارتە سیاسییەکان، ئەم یاسایە پێش ئەوەی پەرلەمان بچێتە پشووی هاوینە، پەسند بکرێت و دەرگایەکی نوێ لە تورکیادا بکاتەوە."
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی تورکیا، پشووی فەرمیی پەرلەمان لە 1ـی تەممووزەوە دەستپێدەکات و 1ـی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ کۆتایی پێدێت. لەسەر داوای فراکسیۆنی ئاکپارتی، پشووەکە بۆ 24ـی تەممووز دواخرا. لەسەر داوای سەرۆکی پەرلەمانیش پشووی ساڵانە بۆ جاری دووەم تاوەکو رۆژی 31ـی تەممووز دواخرا. ئامانج لە دواخستنی پشووەکە بۆ ئەوەیە یاسای چارەسەری لەم هەفتەیەدا بخرێتە دەنگدانەوە.
پرۆسەی چارەسەری رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2024 بە بانگەوازێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەستیپێکرد. دواتر 27ـی شوباتی 2025، ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. هەروەها رۆژی 11ـی تەممووزی 2025 گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی سیمبوولی چەکیان سووتاند.
دواتر (کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی) لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندرا و لە 5ـی ئابی 2025 دەستی بە کارەکانی کرد. ئەو کۆمیسیۆنە رۆژی 18ـی شوباتی 2026 راپۆرتی هاوبەشی فراکسیۆنەکانی پەسند کرد. ئێستا چاوەکان لەسەر هەنگاوی یاسایی و چەکدانانی کردەیی پەکەکەن.


