رووداو - دیجیتاڵ
لە ئەنقەرە، هەلیکۆپتەرێکی مەشق و راهێنانی مەدەنی لە کێڵگەیەکدا کەوتە خوارەوە و فڕۆکەوانێک گیانی لەدەستدا و فڕۆکەوانێکی دیکەش بریندار بوو.
رۆژی چوارشەممە، 22ـی تەممووزی 2026، هەلیکۆپتەرێک لە ناوچەی تەمەللی لە قەزای سینجانی سەر بە پارێزگای ئەنقەرە، لە کاتی مەشق و راهێناندا تێکشکا.
پارێزگاری ئەنقەرە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "فڕۆکەکە سەر بە ناوەندی پیشەسازییەکانی فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمانی تورکیایە، لە رووداوەکەدا دوو فڕۆکەوان بریندارن و برینی یەکێکیان سەختە."
بەپێی راگەیێندراوی پارێزگای ئەنقەرە، هەلیکۆپتەرەکە لە جۆری رۆبینسۆن R44ـە و تایبەت بووە بە مەشقی فڕینی مەدەنی.
دوای رووداوەکە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاکەوتن رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراون و هەردوو بریندارەکەش رەوانەی نەخۆشخانە کران.
دوای سێ کاژێر بەسەر رووداوەکە، ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند: لە رووداوەکەدا فڕۆکەوانی خانەنشین بە پلەی عەقید گیانی لەدەستداوە و فڕۆکەوانی هێزە ئاسمانییەکان بە پلەی رائید بریندار بووە و گەیێندراونەتە نەخۆشخانە.
وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، داواکاری گشتیی رۆژئاوای ئەنقەرە لێکۆڵینەوەی یاسایی لەسەر هۆکاری رووداوەکە دەستپێکردووە.
ناوچەی تەمەللی لە ئەنقەرە یەکێکە لەو ناوچانەی کە بەردەوام گەشتی مەشق و راهێنانی فڕینی تێدا دەکرێت و ئاسمانی ناوچەکە بۆ مەشقی فڕۆکەوانی بەکاردێت.


