رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایدەگەیێنێت، ژمارەی پەنابەرانی سووریایی لە وڵاتەکەی بۆ 2.2 ملیۆن کەس دابەزیوە و تەنیا دوای گۆڕانی دەسەڵات لە دیمەشق، زیاتر لە 750 هەزار پەنابەر بە ئارەزوومەندانە گەڕاونەتەوە سووریا.
مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنیدا لە شاری کۆنیا باسی لە دۆسیەی کۆچبەران و دوایین ئامارەکان کرد و گوتی: "ژمارەی سووریاییەکان لە تورکیا کە لە ساڵی 2021ـدا 3.7 ملیۆن کەس بوو، ئێستا بۆ 2.2 ملیۆن کەس دابەزیوە و پرۆسەی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەش بەردەوامە."
وەزیری ناوخۆی تورکیا روونیکردەوە کە دوای رووخانی دەسەڵاتی پێشووی سووریا لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024، پرۆسەی گەڕانەوە خێراتر بووە و تاوەکو ئێستا 755 هەزار کەس "بە شێوەیەکی پارێزراو، ئارەزوومەندانە و بە شکۆمەندانە" گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان.
چیفتچی ئاشکراشی کرد کە لە ساڵی 2016ـەوە تاوەکو ئێستا، بە کۆی گشتی 1.5 ملیۆن پەنابەری سووریایی خاکی تورکیایان جێهێشتووە و گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
بە گوتەی وەزیری ناوخۆ سیاسەتی کۆچبەریی تورکیا لەسەر بنەمای "مرۆیی، ویژدانی و یاسایی" بەڕێوەدەچێت و گوتی: "هاوکات لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی، هاندانی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە بۆ کۆچبەرانی وڵاتانی دیکەش بەردەوامە."
لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سووریا لە ساڵی 2011، بە ملیۆنان هاووڵاتیی ئەو وڵاتە پەنایان بۆ تورکیا برد. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ساڵی 2022دا ژمارەی تۆمارکراوی پەنابەرانی سووریایی گەیشتە لووتکە کە زیاتر لە 3.5 ملیۆن کەس بوو.


