رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی پێکدادانی پاسێکی گەشتیاری و بارھەڵگرێک لە سنووری شارۆچکەی ئاکهیساری سەر بە پارێزگای مانیسا لە تورکیا 11 کەس گیانیان لەدەستدا و 26 کەسی دیکەش برینداربوون.
رووداوەکە لە رێگەی خێرای گەبزە-ئۆرهانگازی-ئیزمیر روویدا. پارێزگای مانیسا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە کە رووداوەکە کاژێر 11:11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 11-10-2026 روویداوە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، پاسێکی گەشتیاری لە بورساوە بەرەو ئیزمیر دەچوو و لەگەڵ بارھەڵگرێکدا تووشی رووداو بووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "تیمەکانی تەندروستی و رزگارکردن دەستبەجێ رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران و دەستیان بە رزگارکردنی ئەو هاووڵاتییانە کرد کە لە رووداوەکەدا بریندار ببوون. لەم رووداوەدا 11 هاووڵاتیمان گیانیان لەدەستدا و 26 هاووڵاتیی دیکەشمان برینداربوون. بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەکان گوێزرانەوە."
مستەفا چفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە پەیامێکدا رایگەیاند: "تیمەکانی فرایاگوزاری، پۆلیس، جەندرمە، ئاگرکوژێنەوە رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراون."
لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە بۆ دیاریکردنی هۆکاری سەرەکیی پێکدادانەکە و دەستنیشانکردنی هەر کەمتەرخەمییەک کە لەپشت رووداوەکەوە بووبێت.
پارێزگای مانیسا دەکەوێتە رۆژئاوای تورکیا و نزیکەی 7 کاژێر لە ئەنقەرەی پایتەختەوە دوورە.


