رووداو دیجیتاڵ
موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە 22-7-2026 لە پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچوو، رەخنەی لە حکومەت گرت بەوەی ئاسانکاری بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکات و دەیەوێ بە ئاسانی تێکەڵی کۆمەڵگەیان بکاتەوە.
سەرۆکی ئیی پارتی کە تاکە فراکسیۆنی دژی پرۆسەی چارەسەرییە، گوتی: "شەهیدانی شەڕی دژی تیرۆرمان فەرامۆش نەکردووە. لە 13ی تەممووزەوە لە گۆڕەپانەکان، بینیمان کە سازشکردن لەگەڵ تیرۆریستاندا رێککەوت نییە. ئەم دەسەڵاتە هیچ شتێکی بەلاوە گرنگ نییە. ئایا رێزگرتن لە شەهید بەمشێوەیەیە؟"
هەروەها رووی دەمی لە خوڵوسی ئاکار، وەزیری پێشووی بەرگریی تورکیا کرد و گوتی: "خولوسی بەگی خاوەن یەک دونیا پۆست و پلە! تۆ سەردانی ئەو سەربازە زیانبەرکەوتووە ئەمریکییە دەکەیت کە دەڵێت 'کوردستانی سەربەخۆ پێویستە'، بەڵام چاوت سەربازە زیانبەرکەوتووە تورکەکانی نێو پارکی گیوڤەن نابینێت؟"
ئەمە لەکاتێکدایە کە ئێستا سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەستی بە سەردان بۆ لای پارتەکان کردووەتەوە و دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەرییان لەگەڵدا تاوتوێ دەکات.
سەرۆکی ئیی پارتی داوای لە حکومەت کرد، بەر لەوەی یاسایەکی تایبەت بۆ گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان دەربکەن، با زووتر مافەکانی شەهیدان و خێزانەکانیان مسۆگەر بکەن.
هاوکات رەخنەی لە ئاکپارتی گرت بەوەی، گوایە وزەی حکومەتی بۆ پرۆسەی چارەسەری تەرخانکردووە و گوتی:"دوو ساڵە بۆ تیرۆریستان کار دەکەن. کێشەی کام هاووڵاتی چارەسەر کراوە؟ کام کێشەتان چارەسەر کردووە کە ئێستا لە بری خەڵک خزمەت بە تیرۆریستان دەکەن؟ ئێستا هەوڵ بۆ بەخشینی دەسکەوت بە تیرۆریستان دەدەن. لە رابردوودا بینیتان کە عەشقی تیرۆریستان چ باجێکی هەبوو! ئێوە بە بێباکی ئەم هەنگاوانە دەنێن. خیانەت ماوەی بەسەرچوونی نییە. رۆژی لێپرسینەوە نزیکە."
دەرڤیشئۆغڵو تێکەڵکردنەوەی گەریلای بە کۆمەڵگە بە مەترسییەکی گەورە وەسفکرد و گوتی: "لە نێو ئەواندا کەسانێکی راهێندراو لە بەکارهێنانی چەک و تەقینەوە هەن. لە هەر یەکێک لەوانەدا خانەی دووبارە کارابوونەوە خەوتووە. ئەگەر رێکاری یاسایی و ئەمنی نەگیرێتەبەر، هەریەکێکیان بۆ تورکیا بۆمبێکی دانراون. دەسەڵاتێک کە بە دەرکردنی یاسای تایبەت بە تیرۆرستان، گەنجەکانمان رادەستی ویژدانی چەک و مادەی هۆشبەر دەکات، ناتوانێ (تورکیایەکی بێ تیرۆر) بەدی بهێنێت. تەنیا ئەوە نەبێت، ناوەندێکی نوێی تاوان و تووندوتیژی دروست دەکات".
سەرۆکی ئیی پارتی داوای لە حکومەت کرد، بەر لەوەی یاسایەکی تایبەت بۆ گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان دەربکەن، با زووتر مافەکانی شەهیدان و خێزانەکانیان مسۆگەر بکەن.

