رووداو دیجیتاڵ
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو پەرلەمان گفتوگۆ لەسەر یاسای پرۆسەی چارەسەری دەکات و جەخت لەوەش دەکاتەوە کە پێش چوونە پشووەوە، پەرلەمان ئەو یاسایە دەردەکات.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووی پەرلەمانی وڵاتەکەی بۆ یاسای پرۆسەی چارەسەری، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەڵێت: "هەفتەی داهاتوو پەرلەمان گفتوگۆ لەسەر یاسای پرۆسەی چارەسەری دەکات و پێش پشووی پەرلەمان یاسای پرۆسەی چارەسەری دەردەکەین، دوای دەرکردنی یاساکەش پەرلەمان دەچێتە پشووەوە."
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا داوای لە پارتە سیاسییەکان کرد پەلە بکەن لە ئامادەکارییەکانیان بۆ ئەم پرسە و گوتی: "هیوادارم پارتەکان زوو کارەکانیان تەواو بکەن و بیدەنە پەرلەمان."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کورتوڵموش ئاماژەی بە ناوەڕۆکی یاساکە کرد و بە روونی هۆشداری دا کە ئەم هەنگاوە مانای ئازادکردنی سزادراوان نییە و رایگەیاند: "یاساکە لێبوردنی گشتی و تاکەکەسی تێدا نابێت."


