فێستیڤاڵی رێگەی کولتووری وان کە لەلایەن وەزارەتی کولتوور و گەشتیاریی تورکیا رۆژی 11ی تەممووز دەستیپێکرابوو، کۆتاییهات.
فێستڤاڵەکە ئەم ساڵ بۆ سێیەمجار سازکرا، 163 چالاکی لە هەشت شوێنی جیاوازدا بەڕێوەچوون و بۆ ماوەی نۆ رۆژ بە شێوەیەکی بێبەرامبەر پێشکەش بە هونەردۆستان کران.
ئەو فێستیڤاڵە کە بۆ یەکەمجار ساڵی 2024 لە وان بەڕێوەچوو، ئەمساڵ بۆ سێیەمین جار سازکرا و 11 تاوەکو 19ی تەممووز بەردەوام بوو. فێستڤاڵەکە بە کۆنسێرتێکی هونەرمەند بایهان لە گۆڕەپانی نەورۆز کۆتاییهات.

لە ماوەی فێستیڤاڵەکەدا، لە شوێنە جیاوازەکانی وان کۆنسێرت، نمایشی شانۆ، پێشانگە، دیدار و گفتوگۆ، وۆرک شۆپ و چالاکیی جۆراوجۆر بۆ منداڵان بەڕێوەچوون.
ئەم ساڵ لە وان بە گشتی 163 چالاکی کران.
دوای کۆتاییهاتنی فێستیڤاڵەکە، بەشێک لە چالاکوانانی کەرتی گەشتوگوزار لە وان، وێڕای دەستخۆشییان ئاماژەیان بە بوونی کەموکوڕی کرد. هیوایان خواست لە ساڵانی داهاتوودا زیاتر گرنگی بە چالاکییە کولتوورییەکان بدرێت.
وان پارێزگایەکی گەشتیاریی باکووری کوردستانە و هاوسنوورە لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کولتوور و گەشتیاریی تورکیا پار هەشتەمین پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان بوو لەڕووی پێشوازیکردن لە بیانییەکان و لەو ساڵەدا پێشوازیی لە 777 هەزار و 369 بیانی کرد.



