دادگەی باڵای پێداچوونەوەی تورکیا بڕیاریدا، گوتنی بەردەوامی "پەشیمانم لە پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەگەڵ تۆ" لەلایەن یەکێک لە هاوژینەکانەوە، وەک هۆکارێکی جیابوونەوە هەژمار بکرێت. بڕیارێکی دادگەی باڵای پێداچوونەوەی تورکیا کە رۆژی یەکشەممە 19-7-2026 یەکلایی بووەوە، دەکرێ ببێتە نموونە بۆ دۆسیەکانی دیکەی جیابوونەوە. دادگەکە بڕیاریدا، گوتنەوەی بەردەوامیی "پەشیمانم لە پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەگەڵ تۆ" لەلایەن هاوژینێکەوە بۆ ئەوەی دیکەیان، وەک تووندوتیژیی دەروونی و رەفتارێک کە زیان بە مافە کەسییەکان دەگەیێنێت سەیر بکرێت. لەبەر ئەوەش لە دۆسیەی جیابوونەوەدا وەک هەڵە و کەمتەرخەمیی لایەنی قسەکەر هەژماردەکرێت و هۆکارێکی پڕاوپڕە بۆ جیابوونەوەیان. لەو دۆسیەی بووەتە رۆژەڤ، هاوژینەکان کە ماوەیەکە ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە و ناکۆکییان هەیە، سەردانی دادگەی خێزانییان کردووە و دۆسیەی جیابوونەوەی هاوبەشیان لە دژی یەکدی کردووەتەوە. هاوژینی داواکار رایگەیاندووە، بەهۆی تووندوتیژیی دەروونی و جەستەییەوە ماڵەکەی جێهێشتووە و لەگەڵ ماڵی باوکی دەژی؛ هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە لە سەرەتای ژیانی هاوژینییانەوە دەمەقاڵێ و کێشەیان هەبووە و تادێت کێشەکانیان قووڵتر دەبنەوە. ژنەکە، مێردەکەی تۆمەتبار کردووە بەوەی ئالوودەی تەکنەلۆجیایە و کاتی خۆی تەنیا بە مۆبایلەکەیەوە بەسەردەبات و بایەخ بە هاوژینەکەی نادات. ژنەکە ئاماژەی بەوە داوە، هاوژینەکەی هەمیشە پێی دەڵێ، "پەشیمانم لە پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەگەڵ تۆ."، هەروەها گوتی، هاوژینەکەی بێڕێزیی بە خێزانەکەی دەکات و لەژێر کاریگەریی ماڵی باوکیدایە. ئەو ژنە دەشڵێت، "جارێک باوکی هاوژینەکەی لێیداوە و منداڵەکەیانی بە زەویدا کێشاوە." هەر بە گوتەی ژنەکە، دوای ئەوەی دووگیان بووە، بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک هیچ پەیوەندییەکی سەرجێییان نەبووە و خۆی تەواوی پێداویستیی منداڵەکەشی دابین کردووە. لە بەرامبەردا، پیاوەکە گوتوویەتی، هاوژینەکەی کەسێکی تووڕەیە، هاوکارانی لە شوێنی کارەکەی بە "جەنەڕاڵ و دیکتاتۆری رووس" ناویان بردووە و لە سەرەتای ژیانی هاوژینییەوە بۆی دەرکەوتووە کە ئەو ژنە کەسێکی خۆپەرست و سەپێنەر بووە. سزای مادی و مەعنەوەی بەسەر پیاوەکەدا سەپێندرا دادگەی خێزانی، بەهۆی ئەوەی کە ژنەکە تووندوتیژیی جەستەیی بەرامبەر پیاوەکە کردووە، پیاوەکەش سووکایەتیی بە ژنەکە و دایکی کردووە، هەروەها پیاوەکە پەشیمانی لە پێکهێنانی ژیانی هاوژینی نیشانداوە و سەرجێی لەگەڵ ژنەکەی نەکردووە و لە ژوورێکی دیکە خەوتووە، بڕیاریدا جیابوونەوەی بۆ دەرکردن. بەگوێرەی وردەکارییەکانی دادگە، ژنەکە کەمتر تاوانبارە و تاوانەکان زیاتر لە ئەستۆی پیاوەکەن. لەسەر ئەم بنەمایە، دادگە سکاڵای هەردوولای پەسند کرد و بڕیاردرا مافی سەرپەرشتیکردنی منداڵەکە بدرێتە دایکەکە، لەگەڵ رێگەدان بە باوکەکە بۆ بینینی منداڵەکەی. هەروەها بڕیاردرا مانگانە 600 لیرەی تورکی (12 دۆلار) وەک نەفەقە بۆ منداڵەکە ببڕدرێتەوە. پیاوەکە بڕی 18 هەزار لیرە (نزیکەی 380 دۆلار) وەک قەرەبووی مادی و 18 هەزار لیرەی دیکەش وەک قەرەبووی مەعنەوی بداتە ژنەکە. هەواڵەکە لە میدیای تورکیا و باکووری کوردستان بڵاوبووەتەوە و زیاتر ئەمە بووەتە جێی سەرنج کە دادگە رستەی "پەشیمانم لە پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەگەڵ تۆ" وەکو هۆکاری سەرەکیی جیابوونەوە لە قەڵەم دراوە. بەشێک لە دەزگا میدیاییەکان هۆشدارییان داوەتە خەڵک و لە سەردێڕدا نووسیویانە؛ نەکەن ئەم رستەیە بە هاوژینەکانتان بڵێن.