رووداو دیجیتاڵ
دادگایەکی تورکیا بڕیارێکی بۆ دەستگیرکردنی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەرکرد، ئەمەش بەهۆی تۆمەتبارکردنی بە تاوان دژی مرۆڤایەتی لە کاتی رێگریکردن لە کاروانی هاوکاریی دەریایی (سمود) بۆ کەرتی غەززە.
دادگای 11ی سزای قورس لە ئیستەنبووڵ، لە چوارچێوەی دۆسیەی دادگاییکردنی بەردەوامی رێگریی سوپای ئیسرائیل لە کاروانی دەریایی (سمود) بڕیارێکی نێودەوڵەتی بۆ دەستگیرکردنی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەرکرد.
دادگاکەی ئیستەنبووڵ چەندین تۆمەتی قورسی رووبەڕووی نەتەنیاهوو و چەند بەرپرسێکی باڵای دیکەی ئیسرائیل کردووەتەوە کە بریتین لە "تاوان دژی مرۆڤایەتی، جینۆساید، بریندارکردنی بەئەنقەست، ئەشکەنجەدان، تاڵانکردن، رێگری و بێبەشکردنی هاووڵاتیان لە ئازادییەکانیان".
ئەم رێکارە یاساییانە دوای ئەوە دێن کە لە تشرینی دووەمی 2025 دا، دادگایەکی ئیستەنبووڵ بڕیاری سەرەتایی بۆ دەستگیرکردنی نەتەنیاهوو و چەندین بەرپرسی دیکە دەرکردبوو. دواتر لە نیسانی 2026 دا، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ داوای سزای زیندانیی هەتاهەتایی تووندی بۆ سەرکردایەتیی ئیسرائیل کرد.
کاروانی دەریایی (سمود) ، دەستپێشخەرییەکی مەدەنی و نێودەوڵەتییە لە لایەن چەندین رێکخراوی ناحکومی و چالاکڤانی جیهانییەوە لە کۆتایی ساڵی 2025 دا دەستیپێکرد، بە مەبەستی شکاندنی گەمارۆی دەریایی سەر کەرتی غەززە و گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی.
لە 12ی نیسانی 2026 لە بارسیلۆنای ئیسپانیاوە بە ئامانجی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ غەززە بەڕێکەوت کە 58 کەشتی و 345 کەس لە 56 وڵاتی جیاواز لەسەر کەشتییەکانن.




