رووداو دیجیتاڵ
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی رایدەگەیێنێت، بڕیارە ئەم هەفتەیە رەشنووسی پرۆژەیاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری رادەستی شاندی ئیمراڵی بکرێت. دەشڵێت، "پێویستە ناوەڕۆکی یاساکە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئەوانەی کاریگەرییان لەسەر دەبێت، تاوتوێ بکرێت."
گوڵستان کڵچ کۆچیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی ئەمڕۆ دووشەممە 13-7-2026 لە پەرلەمانی تورکیا کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی سازکرد و تێیدا زانیاریی لەبارەی ئەو پرۆژەیاسا چاوەڕوانکراوەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری چاوەڕێی دەرچوونی دەکرێ، قسەیکرد.
هەروەها لەبارەی کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمان و ئەفکان ئالا، یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی گوتی: "پێموایە پێویستە رێگەیەک بگیرێتەبەر کە ئۆپۆزیسیۆن لەسەر بنەمای رەشنووسێکی ئامادەکراو هەنگاو بنێت. ئەمە زانیاریی پشت پەردەیە، ئێمەش لە میدیاکانەوە دەیخوێنینەوە. پێمانوایە لەم بابەتەدا پێویستە سەرەتا لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار، واتە ئەو کەسانەی یاساکە دەیانگرێتەوە و کاریگەریی لەسەریان دەبێت، قسە بکرێت."
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی هەروەها رایگەیاند، چاوەڕێن ئەم هەفتەیە رەشنووسەکە بە وردەکارییەوە رادەستی شاندی ئیمراڵی بکرێت.
گوڵستان کڵچ کۆچیت هەروەها گوتی: "واتە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە وردەکاریی رەشنووسی یاساکە دەبێت. کۆبوونەوە و راوێژ لەسەر هێڵە گشتییەکان کراوە. شاندەکەمان لایەنی کەم بیروڕا و سەرنجەکانی خۆی گەیاندووە، بەڵام چاوەڕوانین وەک دەقێکی نووسراویش بگاتە دەستمان. چاوەڕوانییەکی وەهامان هەیە و دەبێت لەم هەفتەیەدا ئەوە بکرێت".
هەنگاوەکانی پرۆسەی چارەسەری
دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رۆژی 01-10-2024 لەکاتی واڵاکردنی دەرگەی پەرلەمان لە وەرزێکی نوێدا، چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد. ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلیی بە 'پەنجەرەی هیوا' ناوبرد و هیوای خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکەن. شاندی دەم پارتی رۆژی 28-12-2024 سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دیداری کرد.
باخچەلی رۆژی 31-12-2024 سەبارەت بەو دیدارە گوتی: "بە شێوەیەکی گشتی، بەشێک لەو دیدارە کە لە میدیادا بڵاوکراوەتەوە، جگە لەوەی هیوای دیموکراسی، برایەتیی تورک و کوردی بەهێزکردووە، بووەتە دەستپێکێکی خێردار. ئیدی پێویستە بابەتەکە لە گوتەوە بۆ کردار بگۆڕدرێت و قۆناخ بە قۆناخیش پێشهاتەکان رابگەیێندرێن".
شاندەکەی دەم پارتی دوای دیدارەکەی ئیمراڵی، لەگەڵ زۆربەی پارتەکان و ژمارەیەک کەسایەتیی گرنگ کۆبووەوە. دواتر دووبارە سەردانی ئیمراڵیی کردەوە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، رۆژی 27ی شوباتی 2025 داوای لە پەکەکە کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ی ئایاری ئەم ساڵ، 12مین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
هەروەها رۆژی 11-7-2025 گرووپێکی 30 گەریلایی لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان سووتاند.
لە پەرلەمانی تورکیا کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بە پشتیوانیی تەواوی فراکسیۆنەکان جگە لە ئیی پارتی، دامەزرا. ئەو کۆمیسیۆنە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ چین و توێژەکانی کۆمەڵگە سازکرد و دواتریش راپۆرتێکی هاوبەشی نووسییەوە.
رۆژی 18-2-2026 راپۆرتەکە لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنەکە بە سەرۆکایەتی نوعمان کورتوڵموش سەرۆکی پەرلەمان خرایە دەنگدانەوە و بە 47 دەنگی بەڵێ، دوو دەنگی نەخێر و یەک دەنگی بێلایەن پەسند کرا. ئێستاش چاوەکان لەسەر هەنگاوی یاسایی تایبەت بە پرۆسەکەن.



