رووداو دیجیتاڵ
دایکانی ئاشتی لە ئیستەنبووڵ راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و رەخنەیان لە هەنگاونەنانی یاسایی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە گرت بۆ پرۆسەی ئاشتی.
دەستپێشخەریی دایکانی ئاشتی لە ئیستەنبووڵ، لە ساڵیادی ئەو رێوڕەسمەی کە لە 11ـی تەممووزی 2025ـدا بۆ سووتاندنی چەک لەلایەن لایەنی پەکەکە رێکخرابوو، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییان لە بارەگای خۆیان لە ناوچەی فاتیحی ئیستەنبووڵ سازکرد.
لەو کۆنگرەیەدا سوڵتان بۆزکورت و گولەر بوغدای، ئەندامانی ئەنجوومەنی دایکانی ئاشتی گوتاریان پێشکێش کرد.
سوڵتان بۆزکورت ئاماژەی بەوە کرد، سووتاندنی چەکەکان لەلایەن پەکەکە لە ساڵی رابردوودا، هیوایەکی گەورەی بۆ هێنابوونە ئاراوە و گوتی: "دوای تێپەڕبوونی یەک ساڵ، دەوڵەت هیچ هەنگاوێکی کۆنکرێتی نەناوە. سەرەڕای سووتاندنی چەک و هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە، هێشتا زمانی شەڕ بەکاردێت. پێویستە کورد و تورک یەکبگرن بۆ وەستاندنی ئەم شەڕە."
لەلایەکی دیکەوە، گولەر بوغدای جەختی لەسەر پێویستیی دەرکردنی یاسای نوێ کردەوە و رایگەیاند: "پێویستە یاسای تایبەت دەربکرێت و ئێمە بەردەوام دەبین لە خەبات لەپێناویدا. ئەگەر گەلی کورد هەیە، کەواتە مافەکانیشی هەن."
پرۆسەی سووتاندنی چەک لە 11ـی تەممووزی 2025 لەسەر بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پشتگیریکردنی پرۆسەی ئاشتی و دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیموکراتییانە بۆ کێشەی کورد لە تورکیا بەڕێوەچوو.
ئەم هەنگاوە بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە ململانێ چەکدارییە چەندین ساڵەی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا و گواستنەوەی خەبات بۆ ناوەندی سیاسی و پەرلەمانی ئەنجامدرا، بەڵام لایەنە کوردییەکان، دەوڵەتی تورکیا تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە ساڵێک تێپەڕبووە بەڵام یاسای پێویست بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دەرنەکردووە.


