رووداو دیجیتاڵ
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، ئامانجیان ئەوەیە کۆمپانیای نەوتی تورکیا رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت و گازی سرووشتی بەرهەمبهێنێت و وڵاتەکەیان بگاتە ئاستی پشتبەخۆبەستن. هەروەها ئاشکرای کرد، پلاتفۆڕمێکی نوێی بەرهەمهێنان لە کۆتایی ساڵی 2027 دەگاتە تورکیا.
ئالپئارسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لەبارەی پلاتفۆڕمی بەرهەمهێنانی سەرئاوی (عوسمان گازی) کە بڕیارە لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمدا رەوانەی ئەرکەکەی لە دەریای رەش بکرێت، زانیاریی نوێی خستەڕوو.
بایراکتار رایگەیاند، پلاتفۆڕمەکە 21 دەزگای جیاواز لەخۆدەگرێت و گوتی، "11 لەوانەمان نوێ دروستکردووە و 10 دانەی دیکەمان نۆژەنکردووەتەوە. لەو 11 دەزگا نوێیە، 7 دانەیان لە تورکیا دروستکراون، واتە رێژەی 70%ی لە تورکیا بەرهەمهێنراوە و بە توانای پیشەسازیی نێوخۆ دروست کراوە."
وەزیری وزەی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد کە ئێستا 7 هەزار کەس لەسەر پلاتفۆڕمەکە کاردەکەن و نزیکەی 30 کیلۆمەتر بۆڕی و 642 کیلۆمەتر کێبڵی تێدا راکێشراوە. بە گوتەی بایراکتار، پلاتفۆڕمی عوسمان گازی بۆ ماوەی 20 ساڵ لە هەمان خاڵدا بەردەوام دەبێت لە بەرهەمهێنانی نەوت و گازی سرووشتی.
بایراکتار جەختی لەوەش کردەوە کە توانیویانە کەسانی خاوەن ئەزموون لەدەرەوەی بگەڕیننەوە تورکیا و گوتی: "پێشتر کەشتیوان و کارمەندی بیانی لێرە کاریان دەکرد. ئێستا رێژەی کارمەندی ناوخۆیی گەیشتووەتە سەرووی 70%. بەشێکی زۆر لە سەرچاوە مرۆییەکانمان لەم بوارەدا چووبوونە دەرەوەی وڵات، گەڕانەوە."
وەزیری وزەی تورکیا ئامانجی کۆتایی وڵاتەکەی لە بواری وزەدا خستەڕوو و رایگەیاند: "کۆمپانیای نەوتی تورکیا، دەبێتە کۆمپانیایەک کە رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت و گازی سرووشتی بەرهەم دەهێنێت. ئەم ژمارەیە ئەمڕۆ لە ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا نزیکەی 350 هەزار بەرمیلە. ئامانجمانە ئەم رێژەیە لە ساڵی 2028 بۆ 550-600 هەزار بەرمیل بەرزبکەینەوە و دواتریش بگەینە ئامانجی یەک ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا."
تورکیا لە ساڵانی رابردوودا هەوڵەکانی بۆ گەڕان و دۆزینەوەی نەوت و گاز لە دەریای رەش و رۆژهەڵاتی دەریای نێوەراست چڕکردووەتەوە. لە ساڵی 2020، گەورەترین کێڵگەی گازی سرووشتی لە مێژووی خۆیدا لە دەریای رەش دۆزییەوە کە بە "ساکاریا" ناسراوە. پلاتفۆڕمی "عوسمان گازی" یەکێکە لەو پڕۆژە ستراتیژییانەی کە بۆ دەرهێنان و بەرهەمهێنانی ئەو گازە بەکاردەهێنرێت. ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی سیاسەتی "سەربەخۆیی وزە"ی تورکیادایە، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە وزەی هاوردەکراو، کە ساڵانە دەیان ملیار دۆلار تێچووی وڵاتەکەیە، بەتایبەت لە کاتێکدا جیهان رووبەڕووی قەیرانی وزە بووەتەوە.



