رووداو دیجیتاڵ
ئۆزگور ئۆزەل، کە بە بڕیارێکی دادگە لە پۆستی سەرۆکایەتیی گشتیی جەهەپە دوورخراوەتەوە، وەڵامی ئەو رەخنانەی دایەوە کە دەڵێن بۆ دامەزراندنی پارتێکی نوێ درەنگە؛ راشیگەیاند: "یان دەگەڕێینەوە نێو پارتەکەمان یان لەو شوێنەی ئۆقرەمان لێ دەبڕدرێت، پارتێکی نوێ دادەمەزرێنین."
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا، لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤیزیۆنیدا تیشکی خستە سەر دۆخی پارتەکەی و گوتی: "ئێستا لە پڕۆسەی کارکردنداین و هەندێک هەنگاوی پێشوەختەشمان ناوە"؛ ئاماژەی بەوەش کرد، راپرسییەکان نیشانی دەدەن 80٪ـی خەڵک داوای دروستکردنی هێزێکی نوێ دەکەن.
ئۆزەل لەو بارەیەوە گوتی: "کار لەسەر بژاردەی جۆراوجۆر دەکەین، تەنانەت گۆڕینی پارتێکی سیاسیی ئامادە یەکێکە لە بژاردەکان بۆ ئەوەی ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختە روویدا، کێشەی یاساییمان نەبێت. ئەگەر مانەوەمان لە جەهەپە ببێتەهۆی بێئومێدکردنی تورکیا، بێگومان جیادەبینەوە."
ئۆزگور ئۆزەل دڵنیایی دایە لایەنگرانی و رایگەیاند: "پێویست ناکات کەس نیگەران بێت. من بەرپرسیارێتیی ئەم قۆناخە لە ئەستۆ دەگرم. ئەگەر خەباتی یاساییمان لەنێو جەهەپەدا سەرینەگرت، پارتێکی نوێ دادەمەزرێنین و جارێکی دیکە دەبینەوە پارتی یەکەم لە تورکیا."
ململانێی ناوخۆیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بۆ قۆناخی دوای هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی 31ـی ئاداری 2024 دەگەڕێتەوە، کاتێک پارتەکە بە سەرۆکایەتیی ئۆزگور ئۆزەل سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستهێنا، بەڵام باڵە جیاوازەکانی ناو پارتەکە، بەتایبەتی لایەنگرانی کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی جەهەپە، لەسەر شێوازی بەڕێوەبردن و دیاریکردنی بەربژێرەکان و رەوایەتیی بڕیارەکانی پێش کۆنگرەی 38ـەمین کەوتنە ململانێی یاسایی.
تۆمارکردنی دۆسیەی "پووچەڵکردنەوەی رەها" لە دادگەکانی تورکیا دژی سەرکردایەتیی دوای کۆنگرەکە، دوایین هەوڵی باڵی کەمال کڵچدارئۆغڵو بوو بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لە ناو پارتەکەدا، کە ئێستا گەیشتووەتە قۆناخی هەڕەشەی جیابوونەوە لەنێو پارتەکە.


