رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد کرد و رایگەیاند: "پشتیوان بە خودا لەگەڵ سەرکەوتنی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆردا لە ناوخۆ و دەرەوە، دەست دەکەین بە نووسینەوەی چیرۆکێکی نوێ."
ئەم قسانەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمڕۆ هەینی 10ـی تەممووزی 2026 لە کاتی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی دەرچوونی 16ـیەمین خولی راهێنانی هاوبەشی فەرماندەیی و ئەرکان لە زانکۆی بەرگریی نیشتمانی لە ئیستەنبووڵ بوو.
رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشێکی گوتارەکەی بۆ پرۆسەی چارەسەریی تەرخان کرد کە دەسەڵات پرۆسەکە بە "تورکیای بێ تیرۆر" ناودەبات و گوتی: "کاتێک بەرەو ئامانجەکانی سەدەی تورکیامان هەنگاو دەنێین، هیچ کاتێک ئەوە لەبیرناکەین کە وەک 86 ملیۆن کەس خوشک و برا و هاوچارەنووسی یەکدین. بۆیە هەرگیز سازش لەسەر ئاسایشی نیشتمانیمان ناکەین. پشتیوان بە خودا لەگەڵ سەرکەوتنی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆردا لە ناوخۆ و دەرەوە، دەست دەکەین بە نووسینەوەی چیرۆکێکی نوێ."
سەرۆککۆماری تورکیا، لە دەستپێکی گوتارەکەیدا باسی لە زانکۆی بەرگریی نیشتمانیی وڵاتەکەی کرد کە پێشتر ناوی زانکۆی جەنگ بوو و رایگەیاند: "لە 10 ساڵدا زانکۆی بەرگریی نیشتمانیمان بووەتە یەکێک لە دیارترین دامەزراوە پەروەردەییەکانمان، کە لەسەر ئاستی جیهانی ئەستێرەی دەدرەوشێتەوە. ئەم ناوەندەی کە تێیدا ئەفسەرانی خاوەن ویژدان و متمانەبەخۆبوون و خاوەن بەرپرسیار پێدەگەن کە بە عەشقەوە بەستراونەتەوە بە نیشتمان و گەل و دەوڵەتیانەوە، ئەمانە سەرچاوەی شانازیی گەلەکەمانن."
ئەردۆغان باسی لە جەنگی سەردەمیانە کرد و رایگەیاند: "ئیدی جەنگەکان تەنیا لە بەرەکاندا ناکرێن، بەڵکو هاوشانی هێرشە سایبەرییەکان و کەمپینەکانی چەواشەکاری بەڕێوەدەبرێن."
گوتیشی: "لەم سەردەمەدا کە ئاسایشی نێودەوڵەتی لە وەرچەرخانێکی ریشەییدایە، وەک دەوڵەت لەسەر رێگەی بوون بە یەکێک لە جەمسەرە سەرەکییەکانی سیستمی نوێ هەنگاو دەنێین."
گوتەکەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ تەڤگەری ئازادی (کەجەکەی پێشوو) لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ساڵێک بەسەر بڕیاری چەکدانان و سووتاندنی چەکەکان تێدەپەڕێت، بەڵام حکوومەتی تورکیا هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ ئەوەی کێشەی کورد بە رێگەی سیاسی چارەسەر بکات.
ئەمڕۆ هەینی 10ـی تەممووزی 2026، تەڤگەری ئازادی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، پار لە رۆژی 11ـی تەممووزدا بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە و 29 لە هاوڕێیانی، وەک ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ، لە سنووری پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان سووتاند.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو هەنگاوە دوای ئەوە هات کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە داوای کرد شەڕ رابگیرێت و کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی تەڤگەری ئازادیدا ئاماژە بە وەستاندنی شەڕ کراوە و دەڵێت: "ئێمە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە شەڕی چەکداریمان دا، تەنانەت گەریلاکانیشمان لەنێو سنوورەکانی تورکیا کشاندەوە بۆ ئەوەی رێگە بۆ ئاشتی خۆش بێت."
کەجەکە رەخنە لە حکوومەتی تورکیا دەگرێت و دەڵێت: "بەرپرسانی تورکیا تەنیا قسە دەکەن و لەسەر زەوی هیچ کارێکیان نەکردووە بۆ ئەوەی مافی کورد بدەن، یان یاسایەکی نوێ بۆ ئاشتی دەربکەن."
کەجەکە باس لە داواکارییەکانی دەکات، لەوانەش هەبوونی یاسایەکی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری و دەڵێت: "دەبێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازاد بێت و بتوانێت کاربکات، چونکە بەبێ ئەو، چەکدانان و ئاشتی سەرناگرێت."
تەڤگەری ئازادی ئاماژە بەوەش دەکات: "ئێمە هێشتا لەسەر رێگەی سیاسی و ئاشتی سوورین"، بەڵام دەبێت تورکیاش بەرپرسیارێتیی خۆی جێبەجێ بکات تاوەکو هەموو گەلان بە یەکەوە بە ئاشتی بژین.


