رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بازرگانیی تورکیا رایگەیاند، هەناردەی وڵاتەکەی لە مانگی حوزەیران دا بەراورد بە هەمان مانگی پار، 21.9% بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە 25 ملیار دۆلار.
رۆژی هەینی، 3ـی تەممووزی 2026، عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانیی تورکیا ئاماری بازرگانیی دەرەکیی بۆ مانگی حوزەیران بڵاو کردەوە و رایگەیاند، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵ دا، هەناردە 3.6% بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە 136.1 ملیار دۆلار. هاوکات، هاوردە لە هەمان ماوە دا 4.6% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 189.2 ملیار دۆلار.
کورتهێنانی بازرگانیی دەرەکی لە مانگی حوزەیران دا بە رێژەی 26.3% بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە 10.4 ملیار دۆلار. لە شەش مانگی یەکەمی ساڵیش دا، کورتهێنانەکە 7.4% بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە 53.1 ملیار دۆلار.
وەزیری بازرگانیی تورکیا رایگەیاند، سەرەڕای ناجێگیرییەکان لە ئابووریی جیهان دا، هەڵبەز و دابەزی نرخی کاڵاکان و پێشهاتە جیۆپۆلەتیکییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تورکیا لە شەش مانگی یەکەمی ساڵ دا ئاستێکی بەهێزی لە هەناردەکردن دا پێشانداوە.
بۆڵات گوتی، "ئەم 25 ملیار دۆلارە ژمارەی پێوانەیی مانگی حوزەیرانە. هەروەها سێیەم بەرزترین رێژەی هەناردەی مانگانەیە لە مێژوودا."
بۆڵات ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای ئەوەی ناوچەی جەنگە، هەناردە بۆ کەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مانگی حوزەیران دا بە بەراورد بە پار 38.4% زیادی کردووە.
بە گوتەی وەزیری بازرگانی، لە شەش مانگی یەکەم دا زۆرترین هەناردە بۆ وڵاتانی ئەڵمانیا، ئەمریکا، بەریتانیا، ئیتاڵیا و فەرەنسا کراوە و کۆی گشتیی هەناردە بۆ ئەم پێنج وڵاتە گەیشتووەتە 40.7 ملیار دۆلار.
عومەر بۆڵات رایگەیاند، کەرتی ئۆتۆمبێل بە هەناردەی 22.2 ملیار دۆلار لە پلەی یەکەم دا ماوەتەوە.
بۆڵات ئاماژەی بەوە دا کە ئامانجیان بۆ هەناردەی خزمەتگوزاری ئەمساڵ دا 128 ملیار دۆلارە و گوتی، "پێشبینی دەکەین لە کۆتایی مانگی حوزەیران دا هەناردەی خزمەتگوزاریی ساڵانە بگاتە 122.3 ملیار دۆلار. کۆی گشتیی هەناردەی کاڵا و خزمەتگوزاریش بۆ یەکەم جار 400 ملیار دۆلاری تێپەڕاند."



