رووداو دیجیتاڵ
مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەری، زیاتر لە دوو هەزار و 763 خاڵی پشکنینیان لە تورکیا و باکووری کوردستان هەڵگرتووە.
چیفتچی رۆژی سێشەممە، 30-6-2026 لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی رایگەیاند وەک وەزارەت، هەنگاو بۆ ئاساییکردنەوەی ژیانی رۆژانە و ئاسانکاریی هاتووچۆی هاووڵاتییان دەنێن و گوتی: "بە گوێرەی ئامانجمان بۆ (تورکیای بێ تیرۆر)، دوو هەزار و 763 خاڵی پشکنیمان لادا. دوو هەزار و 560یان خاڵی پشکنینی پۆلیس و 203 خاڵی پشکنینی هێزەکانی جەندەرمە هەڵگیران."
مستەفا چیفتچی راشیگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا، بە گشتی 134 ئەندامی پەکەکە خۆیان رادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە و گوتی: "دوو لەوانە لە لیستی 'خۆڵەمێشی' و کەسێکیشیان لە لیستی 'زەرد'ی داواکراواندا بوون."
وەزیری ناوخۆی تورکیا هەروەها رایگەیاند بە سەرکردایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە پێداگرییەوە بەرەو ئامانجی پرۆسەی چارەسەری هەنگاو دەنێن.


.jpg&w=3840&q=75)
