رووداو دیجیتاڵ
ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان دژی باندێکی ساختەکاری بەڕێوەچوو. ئەو باندە رەنج، پاشەکەوت و متمانەی هاووڵاتییانی کردبووە ئامانج.
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی پارێزگای مەڕەشی باکووری کوردستان دژی چەند باندێکی ساختەکاری لە بازرگانیکردن بە زێڕ، بڕیاری ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتی لە 10 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان دەرکرد.
بەگوێرەی راپۆرتی داواکاری گشتی، ئەو باندانە بازرگانی بە زێڕی ساختەوە دەکەن و لە کێشدا فڕ و فێڵ دەکەن، بە جۆرێک لەکاتی دروستکردندا کێشەکەی کەمتر لەوە دادەنێن کە لەسەری نووسیویانە.
وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، ئەو باندانە زیانیان بە وڵات گەیاندووە و فێڵیان لە هاووڵاتییانیش کردووە. گوتیشی، "لە چوارچێوەی تاوانەکانی ساختەکاری لە زێڕ و دراو، ئۆپەراسیۆنێکی هاوکات بۆ دەستگیرکردنی 71 گومانلێکراو دەستیپێکرا. ئەو کەسانە زێڕنگر، خاوەن کارگە، کاسبکارانی بازاڕی زێڕن و لە 10 پارێزگادا کاریان کردووە."
ئاکن گورلەک رایگەیاند، لەو گەڕان و پشکنینانەی کراون، دەست بەسەر ژمارەیەکی زۆر قاڵبی ساختە، ئەو زێڕەی بە نایاسایی ئامادە کراوە و کەرەستەی ئەنجامدانی تاواندا گیراوە. لێکۆڵینەوەکان بە هاوئاهەنگی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی مەڕەش، بە وردی و لە چەند رەهەندێکی جیاوازەوە بەردەوامن.
بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەی چاپی دراو وەرگیراوە، ئەو زێڕەی لە پشکنینەکاندا دەستی بەسەردا گیراوە کێشی نزیکەی 11 کیلۆگرامە و پێکهاتووە لە زێڕی گرام، چارەک، نیوە، لیرە و 15 قاڵبی نایاسایی، پلەی پاکییەکەیان (عەیار) لەوە کەمترە کە بۆی دانراوە، هەروەها بەشێک لەو قاڵبانە ساختەن.
تەواوی ئەو زێڕەی دەستی بەسەرداگیراوە بایی 150 ملیۆن لیرەیە کە دەکاتە نزیکەی 21 ملیۆن دۆلار.



