رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێ، بەدەستهێنانی ئاشتی لە تورکیا تەنیا بە رێگەی یاسایی دەبێ؛ هۆشداریش دەدات کە نابێت پڕۆژەیاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد ناڕوون بێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 30 حوزەیرانی 2026 تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە کۆبوونەوەی هەفتانەی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پیشکێش کرد.
باکرهان سەبارەت بە پڕۆسەی چارەسەریی پرسی کورد رایگەیاند: "رێگەی سەرەکیی بەردەم تورکیا بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی بریتییە لە لە دەرکردنی یاسایەکی تایبەت. پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی دەچێتە ساڵی 2ەمی خۆیەوە. لەم ماوەیەدا چەک رادەست کراوە، لیژنەی پەرلەمان دروستبووە و سەردانی ئیمرالی کراوە. ئێمە ئەم هەنگاوانە بچووک نابینین، بەڵام دەمانەوێ پەرەیان پێ بدەین."
باکرهان گوتی، چاوی ئەوانەی چاوەڕێی گەڕانەوەن لە شاخ، هەروەها زیندانیان و دایکان لەسەر ئەم پڕۆژە یاسایەیە و رایگەیاند: "نابێ ئەو یاسایە بە ناڕوونی بهێڵدرێتەوە، چونکە ئەگەر یاسا نەبێت متمانە نابێت، بێ متمانەش گەڕانەوە نابێت. نابێت جیاکاری لە نێوان گەڕاوەکان بکرێ و داهاتووی مرۆڤەکان رادەستی ویستی فەرمانبە یان دادگایەک بکرێ. ناکرێ ئەم یاسایە دوابخرێ و بۆ پایز جێبهێڵدرێ، چونکە هەر دواکەوتنێک، دەرفەتە بۆ ئەو لایەنانەی دەیانەوێ ئاشتی بخنکێنن. پێویستە یاسای چوارچێوە بێ دواخستن بهێندرێتە پەرلەمان."
ئەم گوتارەی تونجەر باکرهان لە کاتێکدایە، پرۆسەی جارەسەری لە تورکیا بەردەوامە، بەڵام ئێستا چاوەڕیی ئەو پرۆژە یاسایە دەکرێ کە بریارە پێش ئەوەی پەرلەمان بچێتە پشووی هاوینە، دەنگی لەسەر بدرێ و زەوینەی یاسایی بۆ قۆناخەکانی داهاتووی پرۆسەکە دەستەبەربکات.


.jpg&w=3840&q=75)

