رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ کابینەی وەزیرانی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە. ئامادەکارییەکان بۆ لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ لە ئەنقەرە، دیداری چاوەڕوانکراوی نێوان ئەردۆغان و ترەمپ و دۆسیەی "تورکیای بێ تیرۆر" گرنگترین تەوەری کۆبوونەوەکە دەبن.
کۆبوونەوەکە لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت و تێیدا چەند پرسێکی هەستیار و ستراتیژی تاوتوێ دەکرێن:
لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، دوایین ئامادەکارییە لۆجستی و ئەمنییەکان بۆ لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت، کە بڕیارە لە 7 و 8ـی تەممووزدا بە بەشداریی سەرکردەکانی 32 وڵاتی ئەندام و چەندین سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی دیکە لە ئەنقەرە بەڕێوەبچێت. بڕیارە رێوشوێنی ئەمنیی تووندوتۆڵ بۆ پاراستنی ئاسایشی لوتکەکە بخرێتە دەنگدانەوە.
بەشێکی دیکەی کارنامەی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە ئامادەکارییەکان بۆ دیداری نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە بڕیارە لە پەراوێزی لوتکەکەدا کۆببنەوە. لەو دیدارەدا پرسی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و واشنتن، هاوکارییەکانی کەرتی پیشەسازیی بەرگری و پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باس دەکرێن؛ ئەنقەرە بە ئومێدەوە دەڕوانێتە دیدارەکە و وەک "دەستپێکی قۆناخێکی نوێ" لە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتدا دەیبینێت.
حکومەتی تورکیا لەم کۆبوونەوەیەدا دۆسیەی پەکەکە و پرۆسەی چارەسەری تاوتوێ دەکات و لە ژێر رۆشنایی زانیارییە هەواڵگرییەکاندا، دوایین دۆخی مەیدانیی پرۆسەی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تاوتوێ دەکرێت. هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ ئەو قۆناخە دەکرێت کە پڕۆژەیاسا و رێکخستنە یاساییەکان بۆ ئەم مەبەستە پێی گەیشتوون.
حکومەتی تورکیا کارەکانی لە پەرلەمان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی لە مانگی تەمووزدا پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە "پرۆسەی چارەسەری" پێشکەش بکات. پڕۆژەیاساکە رێکارە یاساییەکان بۆ قۆناخی داهاتووی پرۆسەکە و مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکان یەکلایی دەکاتەوە.
.jpg&w=3840&q=75)


